ئاریەن

کۆدار: یەکیەتی گەلی کورد ئەرکێکی سیاسی ئەخلاقیە

سەبارەت بە هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیە و ساڵیادی پیلانگێڕێ نێودەوڵەتی دژی ڕێبەر ئوجەلان کۆدار لێدوانێکی نوسراوی داوە.

لە سەرەتای لێدوانەکەی کۆداردا هاتووە: هەڕەشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە لە دژی رۆژاوای کوردستان سەلماندی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە لە هەوڵی لە نێوبردنی هەبووونی گەلی کورددایە. کردەوەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە لە دژی ئازادی و دەستەکەوتەکانی گەلی کوردە. تاکە ڕیگای بەردەم گەلی کورد بەرخودان و تێکۆشان دژی داگیرکاریە. تاک تاکی گەلی کورد ئەو توانایەی هەیە. بە پشتبەستن بە وەها هێزێک یەکڕیزی و یەکیەتی ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسیە.

لە بەردەوامی لێدوانەکەی کۆداردا هاتووە: لە ساڵیادی پیلانگێڕی دژی ڕێبەر ئوجەلان، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە بە ئامانجی پاکتاوی نژادی ئامادەکاری هێرش دەکات لە دژی ڕۆژاوای کوردستان و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا. هەڵبژاردنی وەها رۆژێک بە ئەنقەستە. ئەو هێزانەی کە کۆماری مەهابادیان لە نێو برد، پیلانگێڕی نێودەوڵەتیان دەستپێکرد و داعشیان بۆ کۆمەڵکوژی گەلی کورد بەڕێکخست، ئەمڕۆش هەوڵی داگیرکردنی هەموو کوردستان دەدات. بە پێچەوانەی پڕۆپاگاندەکان نە تەنیا شەڕڤانان بەڵکوو هەموو گەلی کورد کراوەتە ئامانج. دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە لە هەوڵدایە بە زیندو کردنەوەی چەتەکانی داعش لە دژی سیستمی خۆبەڕێوەبەری باکووری سووریا بوەستێت. هەبوونی گەلەکەمان لە هەر چوار بەشی کوردستان لە بەرامبەر مەترسی فاشیسم دایە. پیلانگێڕیەک لە دژی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی گەلی کورد لە ئارادایە.
پێویستە گەلەکەمان لە وەها کاتێکی هەستیاردا لە دژی پیلانەکان هەڵوێستی یەکگرتووانە بگرن و لە هەموو بەشەکانی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات بکەونە چالاکی. دەرفەتەکان و مەترسیەکان هاوشانی یەکدی لە بەرامبەر گەلی کورددا وەستاون. دوژمنان لە پێگەو دەستکەوتەکانی گەلەکەمان دەترسن. دەبێت ڕێگای دەستدرێژی بە کەرامەتی گەلەکەمان لە فاشیستەکان بگرین.

کۆدار رایگەیاندووە: بە بڕوای ئێمە کلیلی سەرکەوتن بەرخودانی هاوشانی گەلان لە دژی زڵموزۆرداریە. لە بەر ئەوە هەموو ئازادیخوازان، ژنان و جەوانان و سەرجەم چین وتوێژەکان لە هەر چواربەشی کوردستان و دەرەوەی وڵات بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی رۆژاوا بانگهێشت دەکەین. بە هێرش دژی رۆژاوا هەموو کوردستان دەکەوێتە بەر مەترسیەوە. ئێمە بڕوای تەواومان بە گەلی خۆمان هەیە کە خاوەندارەتی لە یەکڕیزیان دەکەن. بە تێکۆشان لە چوارچێوەی ڕامانی ڕێبەر ئوجەلان سەرکەوتنی گەلەکان مسۆگەر دەبێت. پێویستە هەر مرۆڤێکی وڵاتپارێز بۆ بەجێهێنانی ئەرکە مرۆڤی و نەتەوەییەکانی خۆی بەشداری بەرخودانی ئازادی بێت.