ئاریەن

سێ حیزبی ڕۆژهەڵات دژی داگیرکاریەکانی تورکیە هەڵویستیان نواند

حیزبی دیموکراتی کوردستان، کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە بڵاو کردنەوەی بانگەوازی ناڕەزایەتیان دژی هێرشە داگیرکاریەکانی تورکیە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەربڕیوە.

لە ڕایەگەیندراوەکەی حیزبی دیموکارتی کوردستان دا هاتوە: کشاندنه‌وه‌ی هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری سووریه یان ڕێگه‌دان به جێبه‌جێبوونی پلان و هه‌ڕه‌شه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیه بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای کوردستان، نیگەرانی ‌بە دوای خۆیدا هێناوە.
بۆ جیهان و بۆ خودی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریکا ئاشکرایه که کورده‌کان چ له عێراق و چ له سووریه له ساڵانی دواییدا ڕۆڵی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یان بۆ یارمه‌تیدانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی به‌دژی تێرۆریزم و کۆتایی هێنان به ده‌‌سه‌ڵاتی وه‌حشیانه‌ی داعش گێڕاوه.

له‌لایه‌کی دیکه‌وه دنیای ڕۆژئاوا به‌تایبه‌تی ئه‌مریکا که له شه‌ڕی دژه تێرۆردا قه‌رزداری فیداکاریی کورده‌کانه، به پشت‌تێکردن له کورده‌کان و تووشکردنیان به چاره‌نووسی نادیار زیان به متمانه و ئیعتباری خۆیان ده‌گه‌یه‌نن و به‌م کاره ته‌نیا لایه‌نه خراپکاره‌کان له ناوچه‌دا به‌تایبه‌تی دژمنانی کورد و له‌نێو ئەواندا کۆماری ئیسلامیی ئێران مه‌یدانی مانۆڕی تێکده‌رانه‌یان به‌هێز ده‌بێ.
حیزبی دێموکڕاتی کورستان داوا لە سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌تایبه‌تی گه‌لی کورد له ڕۆژئاوای کوردستان دەکات کە گرتوانە بەرەنگاری هێرشەکان ببنەوە و پێویسته ناوماڵی کوردیش یەکگرتو بن.

هەروەها کۆمەڵەی زەحکمەتکێشان نوسیویە:دەسەڵاتدارانی تورکیە ئەیانەوێت قەیرانەکانی نێو خۆیان و هەلومەرجی نالەباری وڵات بە لەشکرکێشی بۆ سەر رۆژئاوا داپۆشن و بە کاولکردن و ماڵوێرانیی لەودیوی سنوورەکانی تورکیە ماڵ و دەسەڵاتی خۆیان بە ڕواڵەت ئاوەدان ڕاگرن.

لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا که له ناو شەڕ و قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست به تایبەت له دە ساڵی ڕابردوودا سەرلێشێواو و به لۆژیکی “ئەزمون و خەتا” دەجوڵێتەوە و ئێستاش بۆ سات و سەودا زۆر به ئاسان و بێ گوێدان بە کارەساتی مرۆڤی لەوپەڕی بێ پەیمانی، ڕۆژئاوای داعش بەزێن بۆ ھێرشی تورکیە چوڵ دەکات تا رەنگە بەم شێوەیە دیسانەوە تورکیە زۆرتر بەرەو خۆی ڕاکێشێت.
ئێمە ئەو ڕەفتار و ھەڵوێستەی ئەمریکا مەحکوم دەکەین و ھێرشی تورکیە بۆ ڕۆژئاوا بە داگیركاری دەبینین و خوازیاری وەستاندنی ئەو ھێرشەو، بەربەرکانێی گشتیی جیھانین دژ بەو پیلانە نامرۆڤانەیە.

هاوکات، کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونسیتی ئێران بڵاوی کردوەتەوە: ئەرتەشی تورکیە هێزەکانی لە سەر سنووری کوردستانی سوریە موڵداوە و ئارایشی شەریان گرتوە.ئەوەش نیشانەی دەستپێکردنی داگیرکاری ناوچەکانی ژێر کونتروڵی هێزەکانی سوریەی دیموکراتە.

هەڕەشەی شەڕ دژی جوڵانەوەی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان نیشاندەری ئەوەیە کە ئەردوغان هەوڵ دەدات لەو ڕیگەیەوە شکەستەکانی خۆی بشارێتەوە.
ئەمڕۆ ئامریکایەکان پشتی ئەو رۆژئاوایە چوڵ دەکەن کە بە تێکۆشان و فیداکاری ژنان و گەنجانی خۆی چەتەکانی داعەشیان تێک شکاند.
دەبێ گەلانی باکوری سوریە بۆ روبوروبونەوەی ئەو هێڕشانە یەکگرتو بن و درێژە بە بەرخوەدانی خۆیان بدەن.