ئاریەن

گولان فەهیم: پشتیوانی لە خەڵکی لوڕدەگان ئەرکی هەر کەسێکی بە ویجدانە

ئەندامی دەستی بەڕێوەبەری کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کەژار گولان فەهیم لە بەرنامەی هێڵی ٣ ئاریەن تیڤی شرۆڤەی لەسەر ناڕەزایەتیەکانی لوڕدەگان و گەندەڵی لە پێکهاتەی رژیمی ئێرانی کرد و ڕایگەیاند، پشتیوانی لە خەڵکی لوڕدەگان ئەرکی هەر کەسێکی بە ویجدانە.

گولان فەهیم ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کەژار لە سەرەتای بەرنامەی هێڵێ سێ دا وتی: سیاسەتە دژە مرۆڤیەکانی رژیمی داگیرکەری ئێران بوونەتە هۆی کارەساتی لوڕدەگان. پێویستە پشتیوانی لە خەڵکی لوڕدەگان بەربڵاوتر بێت. دەبێت هەموو گەلان بەتایبەتی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە خەڵکی لوڕدەگان پشتیوانی بکەن. ژنان و بەتایبەت دایکان دەبێت وەکوو پێشتر پێشەنگایەتی ناڕەزایەتیەکان بکەن. ناڕەزایەتیەکانی گەل لە دژی توندوتیژی و سەرکوتی رژیم دەتوانێت وڵامی زڵموزۆری رژیم بێت و هاوکات پشتیوانیش لە خەڵکی لوڕدەگان بکات.

لە بەردەوامیدا گولان فەهیم وتی: رژیمی داگیرکەری ئێران بە سیاسەتی دژە مرۆڤانەی خۆی دەیەوێت ئیرادە و هەبوونی گەلان لە ئێراندا لە نێوببات. کارەساتی لوڕدەگان رووی راستینەی رژیمی داگیرکەری ئێرانی ئاشکرا کرد. ئەو کارەساتە نیشانی دا پڕۆژەکانی بە ناو خزمەتگوزاریەکانی سپای پاسداران چەندە دژی گەلانە. سپای پاسدارن هێزێکی دژە گەل، سەرکوتکەر و داگیرکەرە. رژیمی داگیرکەری ئێران دەستی بە سەر شۆڕشی گەلان ئێراندا گرتووە و لە هەناوی خۆیدا دژەشۆڕشە. بڵاوبوونەوەی ئەیدز لە لوڕدەگان رووداوێکی سیاسیە. ئەو ڕووداوە تەنیا تایبەت بەو ناوچە جوگرافیایەی نییە و دەتوانێت گەلانی تریش رووبەڕووی مەترسی جدی سەلامەتی بکاتەوە. رژیمی داگیرکەری ئێران بە ناو و ناتورە لێنان لە ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی لوردەگان دەیەوێت ڕەوایەتی بە سەرکوتی ناڕەزایەتیەکان لە لایەن سپای پاسدارانەوە بدات. رژیمی ئێران بەرپرسی کارەساتی لوڕدەگانە. هەر کەسێکی خاوەن ویجدانی ئەخلاقی بێت پێویستە ئەوە قەبووڵ نەکات. ئەرکی تاک تاکی کۆمەڵگاکانی ئێرانە لە دژی ئەو کردەوەی رژیم بوەستێتەوە. ئەوە خۆی ڕاهێنانی دموکراسیشە لە ئێران.

سەبارەت بە ناڕەزایەتیەکان لە عێراق گولان فەهیم وتی: سیاسەتەکانی رژیمی داگیرکەری ئێران نەتەنیا لە نێوخۆ بەڵكوو لە دەرەوەی ئێرانیش شکستی هێناوە. لەمڕەوشەدا رژیم دەیەوەێت دەستوپەیوەندیەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێز بکات. بەڵام لە بەر قەیرانەکانی خۆی توانای پێشووی نەماوە.
گولان فەهیم لە بەردەوامیدا وتی:لە کاتێکدا رژیمی داگیرکەری ئێران توانای چارەسەری نەماوە، کۆمەڵگای رووبەڕووی قەیرانێکی مێژووی کردوتەوە. رژیمی سەرەڕۆی ئێران توانای چارەسەری نەماوە و هەموو چارەسەریەکی دموکراتیک لە سەر بنەمای ئەخلاقی و ئینسانی رەد دەکاتەوە.رژیمی داگیرکەری ئێران و سپای پاسداران خۆیان بە خاوەنی هەموو دامودەزگا و ڕێکخراوەکان دەزانن، بەڵام هەموو رێکخراوە و دامەزراوەکانی رژیم تووشی قەیران هاتوون.
دەست گرتن بە سەر بەها مادی و کەلتووریەکانی گەلانی ئێران خۆی دزیەکی گەورەیە. سپای پاسداران هێزێکی مافیایی و داگیرکەرە کە سەرچاوەکانی کۆمەڵگا بە تاڵان دەبات.

لە کۆتایی بەرنامەکەدا گوڵان فەهیم ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری کەژار وتی: رژیمی داگیرکەری ئێران هەموو کردەوە دژە مرۆییەکانی خۆی بە ڕەوا دەزانێت و هەرجۆرە دەنگێکی ناڕازی بە ناڕەوا لە قەڵەم دەدات. کاربەدەستانی رژیم هەموو کردەوەیەکی نائەخلاقی دەکەن بە بێ ئەوەی هیچ دادگا و لێپرسینەوەیەکیان هەبێت. رژیمی ئێران هەتا ئێستا توانیویە بەو سیاسەتە ژیانی خۆی درێژەپێبدات بەڵام ئیدی توانای فریودانی خەڵکی نەماوە.