ئاریەن

کەنەکە بانگەوازی سەفەربەری و بەرخۆدانی بۆ ڕۆژئاوا کرد

دەستەی بەڕێوەبەری کەنەکە لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە سنووری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە. کەنەکە لەبەرامبەر هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیە داوای لە هەموو گەلی کورد کرد بکەونە سەفەربەری و بەرخۆدانەوە بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان.

لە سەرەتای لێدوانەکەی کونگرەی نەتەوەیی کوردستاندا هاتووە: هەتا ئێستا لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریاوە هیچ هێرشێک دژی دەوڵەتی تورک نەکراوە. خۆبەرێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هیچ هەڕەشەیەکیان لە تورکیا نەکردوە. بەڵام لە سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی سوریا هەتا ئێستا، دەوڵەتی تورک دوژمنایەتی ئەو خۆبەڕێوەبەرییە دەکات. پشتیوانی لە هەموو دوژمنانی گەلی کوردی کردووە و هێزەکانی وەکو داعش، ئەلنوسرە و ئەوانی دیکەی لە دژی گەلی ڕۆژئاوا بەکارهێنا. کاتێک ئەو هێزە سەرنەکەوتن، خۆی کەوتە جولە و هێرشی کرد. ئەو هێرشەی ئێستا لە ڕۆژەڤدایە، وەکو هێرشی سەر کۆبانێ، جەرابلوس و عەفرینە.

لە هەر کوێیەکی جیهان بێت، دەوڵەتی تورک دەیەوێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەناو ببات. ڕاستییەکەی ئەوەیە دەوڵەتی تورک دوژمنی گەلی کوردە و هێرشی سەر کورد و هاوکارەکانی دەکات.
ئێستا ڕۆژئاوای کوردستان لەژێر هێرشێکی مەزن دایە. هێزەکانی ڕۆژئاوا لە بەرخۆداندان. پێویستە هەموو کوردێک و کوردستانییەک لە هەر کوێیەکی جیهان بێت، بە ڕۆحی سەفەربەریی، بە چالاکی و هەموو دەرفەتەکانی خۆی لەبەرانبەر دەوڵەتی تورک خاوەنداری لە ڕۆژئاوای کوردستان بکات. ئەمڕۆ ڕۆژی بەرخۆدانە. جگە لە بەرخۆدان ڕێگەیەکی دیکە نییە. بانگەوازی ئێمە پێش هەمووان بۆ جەوانان و دواتر بۆ هەموو گەلی کوردستانە. کات کاتی سەفەربەرییە، لە هەموو شوێن و ناوچەیەک هەستنەسەر پێ.

لە بەردەوامی بانگەوازیەکەی کەنەکەدا هاتووە: کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەسەر سنوور، ڕێگای لەبەردەم هێرشی دەوڵەتی تورک خۆش دەکات و بڕیارێکی ئەخلاقی نییە. هێزەکانی ڕۆژئاوا هاوکاری هاوپەیمانانیان کرد لەدژی دوژمنانی مرۆڤایەتی وەکوو داعش و شەڕێکی گەورەیان کرد و قوربانی گەورەشیان دا. هاوپەیمانان و هەموو جیهان، نابێت لەبەرانبەر ئەو هێرشەی دەوڵەتی تورک بێدەنگ بن. بانگەوازی بۆ هێزەکانی هاوپەیمانان، نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو جیهان دەکەین کە لە بەرانبەر ئەو هێرشانە بوەستن و گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەتەنیا بەجێ نەهێڵن.

لە کۆتایی پەیامەکی کەنەکەدا جەختکراوەتەوە: جارێکی دیکە بانگەوازی بۆ هەموو کوردستانیان دەکەین کە خاوەنداری لە بەهاکانی خۆیان بکەن و بە هەموو شێوەیەک بەرخۆدان بکەن.