ئاریەن

هاوشانی گوشارەکانی رژیمی ئێران لە زیندانەکان، بەرخودانی گیراوانیش دەستی پێکردووە

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، زیندانی سیاسی کورد موستەفا سەبزی لە دژی بنپێکردنی مافەکانی جارێکی تر دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن. ئەو زیندانیە سیاسیە کوردە لە سەرەتای ئەم مانگە دوای ئەوەی کاربەدەستانی زیندان بەڵێنی گواستنەوەیان بۆ زیندانی ماکۆ دابوو مانگرتنەکە ٣٢ رۆژەکەی کۆتایی پێهێنا، بەڵام لە دوێنێەوە لە بەر ئەوەی کاربەدەستانی زیندان بەڵێنەکەیان نەبردوتە سەر جارێکی تر دەستی دایە مانگرتن لە خواردن.

موستەفا سەبزی تەمەن ٢٤ ساڵان خەڵکی ماکۆ لە ساڵی ١٣٩٣ بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پەژاک دەستبەسەر کراو و لە دوای دوو مانگ دەستبەسەر بوون لە زیندانی سپا و ئیتلاعات سزای ١٥ ساڵ زیندانی بە سەر دا سەپا.

هەر لە چوارچێوەی دژایەتی رژیمی ئێران لەگەڵ چالاکانی مەدەنی ئاژانسی هەرانا ئاشکرای کرد مامۆستای زانکۆ موحسێن ئەسەدی کە چەند رۆژ پێش ئێستا دوای کۆتایی هاتنی کاتی سزاکەی لە زیندان ئازاد کرابوو رۆژی شەمە جارێکی تر دەستبەسەر کراوەتەوە. ناوبراو کە مامۆستای زانکۆی یەزدە سزای مانگێک زیندانی بە سەردا سەپابوو، هەتا ئێستا هۆکار و شوێنی دەستبەسەر بوونی ئەو مامۆستایە دیار نییە.

مامۆستا موحسن ئەسەدی برای زیندانی سیاسی مەجید ئەسەدیە کە دوو ساڵە بە تۆمەتی پڕۆپاگاندا دژی رژیمی ئێران لە زیندانی ڕەجاییشەهری کەرەج دەستبەسەرە.

ئاژانسی هەواڵدەری هەرانا هەروەها ڕایگەیاند رۆژنامەوان نەجەف مێهدیپوور بە هۆی نالەبار بوونی رەوشی تەندوروستی گوازراوەتەوە نەخۆشخانە.

نەجەف مێهدیپوور خەڵکی ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستانەو و بە تۆمەتی بێڕێزی کردن بە خامنەیی سزای ساڵێک زیندانی بە سەردا سەپاوە.

ئەو رۆژنامەوانە کوردە لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لە زیندانەکانی رژیمی داگیرکەری ئێران لە شارەکانی ئیلام و دەڕەشار دەستبەسەرە.