ئاریەن

بووجەی بووژانەوەی گۆلی ئورمیە بڕا

قەیرانی وشکبوونی گۆلی ئورمیە جارێکی تر هاتوتە بەر باس. دوای بارانبارینەکانی ئەمساڵ، جارێکی تر رێژەی ئاوی ئەو گولە بەرز بویەوە، ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی کاربەدەستانی رژیم پڕۆژەکانی ژیاندنەوەی گۆلەکە پشت گوێ بخەن.

سێ دەیە لە قەیرانی وشکبوونی گۆلی ئورمیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان تێپەڕ دەبێت. مەترسیەکانی تەشەنەسەندنی ئەو کارەساتە ژینگەییە ژیانی میلیۆنان کەسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خستوتە مەترسی جدیەوە.

کاربەدەستانی رژیمی ئێران هیچ بوودجەیەکیان لەمساڵدا بۆ بووژاندنەوەی گۆلی ئورمیە تەرخان نەکردووە و ئەگەری هەیە هەموو پڕۆژەکانی بووژاندنەوەی گۆلی ئورمیە راوەستێت.

فەرهاد سەرخۆش بەڕێوەبەری ستادی ژیاندنەوەی گۆلی ئورمیە لە پارێزگای ئورمیە، دانیبەوەداناوە سەرەڕای ئەوە کە بڕیار بوو ٢٠٠ میلیۆن تمەن بۆ پڕۆژەکەنیان تەرخان بکرێت بەڵام ئەو بڕە پارەیە هەتا ئێستا نەگەیشتوە دەستیان و وەرزی جێبەجێ کردنی پڕۆژەکان لەمساڵیشدا تێپەڕیوە.

پڕۆژەی بووژاندنەوەی گۆلی ئورمیە لە ساڵی ١٣٩٣ دەستیپێکرد و بڕیار بوو لە ماوەی دەساڵدا لە رەوشی قەیراناوی رزگاری بێت.بەڵام مانۆڕی پڕۆپاگاندەیی رژیمی ئێران سەبارەت بە ژیاندنەوەی گۆلی ئورمیە زیاترە لە راستیی قەیرانەکانی ئەو گۆلە. گۆڕانکاری لە پڕۆژە کشتوکاڵیەکان، خاوێن کردنەوەی ئەو چەم و رۆخانەگەلە کە دەڕژێنە گۆلی ئورمیە و پێداچوونەوە بە پڕۆژە سەدسازیەکان لە سەرچاوەکانی گۆلی ئورمیە، تەنیا بەشێکن لەو بەڵێنانەی رژیمی ئێران بۆ بووژاندنەوەی گۆلی ئورمیەی دابوون و هیچ کات نەگەیشتنە ئەنجام.

لە بەهاری ئەمساڵ و بە بارینی باران لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ماوەیەکی کاتی گۆلی ئورمیە لە مەرگ رزگاری بوو.

بە وشکبوونی گۆلی ئورمیە ژیانی زیاتر لە ١٥ میلیۆن هاووڵاتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەوێتە مەترسیەوە. وشکبوونی دەریاچەی ئورمیە لە ساڵی ٢٠٠٩ لە قەیرانێکی سروشتی و ناوچەیی بوو بە قەیرانێکی نێودەوڵەتی و لەو ساڵەوە تا ٢٠١٥ لە سەدا هەشتای ئاوی دەریاچەکە کەمی کرد.

هۆکاری سەرەکی کەمکردنی ئاوی دەریاچەی ئورمیە پڕۆژە سەدسازیەکانی سپای پاسداران لە سەرچاوە ئاویەکانی ئەو گۆلەیە. لە بەر ئەوەی کە ئاوی گۆلەکە سوێرە و دوای کەمکردنی ئاستی ئاوەکەی، خوێ بە جێ دەمێڵیت، هەڵکردنی با و گواستنەوەی خوێ بەجێماوەکە دەتوانێت ژینگەی دە پارێزگا لە کورستان و ئێران لە نێوببات، هەروەها وڵاتانی ئازەربایجان، تورکیە و عێراقیش دەکەونە بەر هەڕەشەی ڕەشەبای خوێ. دیارە زەرەری هەرە زۆری وشکبونی دەریاچەی ئورمیە بەر کوردستان دەکەوێت.