ئاریەن

یەرەکە: ئێران شەڕی دەروونی لەسەر گەل بەڕێوەدەبات

یەرەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی ڕژێمی ئێران و سوڕانەوەی فڕۆکە سیخوڕییەکانی دەوڵەتی تورک بەسەر مەیدانەکانی گەریلا دەکات و ڕایدەگەیەنێت “ڕژێمی داگیرکەری ئێران شەڕی دەروونی لەسەر گەل بەڕیوە دەبات”.

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- یەرەکە، لەسەر جموجوڵی هێزەکانی ئێران و کاری سیخوڕی دەوڵەتی تورک لەسەر مەیدانەکانی گەریلا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕژێمی داگیرکەری ئێران بەم دواییانە لە چوارچێوەی شەڕی تایبەت-دا، هێرشێکی بەرفراوان لەدژی گەلی کورد دەستپێکردووە، بەو ڕێبازە دەیەوێت هێز و باوڕی گەلی کورد پارچە بکات و بە بەکارهێنانی ئامێر و تەکنیکەکانی، خۆی بەهێز پیشان بدات.

لە بەردەوامی ڕاگەیندراوەکەدا هاتووە: ڕۆژی ١ی ئەم مانگە دەوڵەتی داگیرکەری ئێران کوێستانی شاهۆی داوەتە بەر هاوەن، لەم هێرشەدا هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتووە بەڵام زەوی و زاری خەڵک ئاگری گرتووەو سووتاوە.

هەروەها هاتووە: ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە هێزەکانی ڕژێم لە دیواندەرە لە دەوروبەری ‘کەور سپی’ ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکرد و نزیکی مزگەوتی ‘میرزا’ـیان تۆپباران کرد.

یەرەکە ئاماژە بە کاری سیخوڕی دەوڵەتی تورک دەکات و لە ڕاگەیەندراوەکەیدا هاتووە: بەم دواییانەدا زۆرجاران دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لەسەر ئاسمانی مەیدانەکانی ئاسۆس و پێنجوێن بەسەر هێزەکانمان فڕۆکەی سیخوڕیی سوڕاندووەتەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیندراوەکەی ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- یەرەکە، هاتووە: دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لە مەیدانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ماوەیەکە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە دەیەوێت لەسەر گەل و هێزەکانی ئێمە شەڕی دەرونی بەڕێوە ببات.