ئاریەن

هەپەگە بانگەوازی لە بنەماڵەی سەربازە دیلەکان دەکات

لە ماوەی رابردوودا رژیمی تورکیە بنەماڵەی دیلەکانی ئەرتەش و میتی تورکیەی لە دژی هەدەپە هاندداوە. ماهیر دەنیز فەرماندەی هەپەگە لە بەرامبەر ئەو کردەوانەی رژیمی تورکیە کاردانەوەی هەبوو و وتی: پێویستە بنەماڵەی دیلەکان لیپرسینەوە لە رژیمی ئاکەپە مەهەپە بکات چونکە ئەوان تەنیا لە هەوڵی بە کوشتندانی منداڵەکانی ئەوانن.

رژیمی ئاکەپە مەهەپە جیا لە کودەتای سیاسی لە باکووری کوردستان هەوڵێکی تریش دژی پارتی دیموکراتیکی گەلان هەدەپە بەڕێوە دەبات. ئاکەپە و مەهەپە بنەماڵەی دیلەکانی لای هەپەگەی هانداوە لە بەر دەم بینای سەرەکی هەدەپە لە شاری ئامەد دابنیشن و داوا لە هەدەپە بکەن کە کەسوکارەکانیان بداتەوە وەکوو ئەوەی کە ئەندامانی میت و سوپای تورک لای هەدەپە دەستبەسەر کرابێتن.

فەرماندەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل هەپەگە رایانگەیاند: ئەندامانی میت، پۆلیس و ئەرتەشی تورکیە ٥ ساڵە لامان دیلن و لە بەر بنەماڵەکانیان دیمەن و قسەکردنیانمان بڵاوکردەوە، هەروەها هەموو ساڵێک بە بۆنەی جەژنەوە نامە بۆ بنەماڵەکانیان دەنێرن بەڵام دەوڵەت و ڕای گشتیی تورکیا وەک ئەوەی ئەوانە هەر بوونیان نەبێت لێیان ناپرسنەوە.

بەپێی زانیاریەکان رژیمی تورکیە هەوڵ دەدات دیلەکان بە هێرشی ئاسمانی بکوژێت بۆ ئەوەی دواتر بە ڕای گشتی بلێن، پەکەکە پۆلیس و سەربازە دیلەکان دەکوژێت. لە ساڵی ٢٠٠٨ کاتێک ٨ سەربازی تورکیە لە ئۆرەمار بەدیلگیران بەرپرسانی ئەو کاتەی ئاکەپە وتیان، ‘لەجیاتی ئەوەی بەدیلیان گرتوون، بکوژرانایا باشتر بوو.

فەرماندەکانی هەپەگە هۆکاری دیلگرتنی هێزەکانی دەوڵەت، بەشداریکردنیان لە تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە شەڕدا راگەیاند و جەختیان کردەوە ئەوانەی سەربازەکانیان دەستگیرکردووە، ئێمەین. ئێمە لایەنێکی شەڕەکەین. ئەگەر بنەماڵەی دیلەکان دەیانەوێت منداڵەکانیان بە زیندوویی و تەندروستی ببینن، با حساب لە ڕژێمی ئاکەپە – مەهەپە بخوازن.پێویستە کەس نەکەوێتە داوەکانیانەوە. گەر لەو شوێنە لە جیاتی دە رۆژ دە ساڵیش بمێنەوە دیلەکان نابیینن.
ئەرهان پەکچەتین و ئایدن گیونەل دوو سەرۆکی دەزگای سیخوڕی دەوڵەتی تورکیە ناسراو بە میتن کە لە ٤ ئاگوستی ٢٠١٧ لە ئوپراسیۆنێکی تایبەتی هەپەگە لە شارۆچکەی دووکان لە پارێزگای سلێمانی دەستگیرکران و بێجگە لەوانیش ٩ پۆلیس و چەکداری تریش لە دەستی هێزەکانی گەریلادان.