ئاریەن

هاوسەرۆکی پژاک: تێکۆشانی هاوبەش ڕۆژهەڵاتێکی ئازاد و دموکراتیک بنیاد دەنێت

زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک، بوو بە میوانی ئەمجارەی بەرنامەی هێڵێ سێ آریەن تیڤی. زیلان ڤەژین کۆنفڕانسی راوێژی رۆژهەڵاتی هەڵسەنگاند و جەختی کردەوە تێکۆشان و سیاسەتی هاوبەش داهاتوویەکی ئازاد و دموکراتیک بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان مسۆگەر دەکات.

زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک لە بەرنامەی ئەمجارەی هێڵێ سێ، کۆنفرانسی راوێژی رۆژهەڵاتی هەڵسەنگاند و وتی: کۆنفڕانسەکە لە قۆناغێکی مێژوویی گرینگ بەڕێوە چوو، بەشداری زۆرینەی حزبەکان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی خاڵێکی ئەرێنی بوو. بە بێ گەلی کورد هیچ گۆڕانکاریەکی دموکراتیک لە ئێران روونادات. گۆڕانکاری لە ماهیەتی ڕژیم و جێبەجێ کردنی خواستەکانی گەلان ئامانجی سەرەکین. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە بەرژەوەندی گەلی کورد و بۆ هاوئاهەنگی نێوان حزب و لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تێدەکۆشێ. ئەم کۆنفڕانسە کاریگەری گرینگی لە سەر تێکۆشانی هاوبەشی گەلی کورد هەیە. کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان بۆ ئێمەیش گرینگی تایبەتی هەیە، بڕوامان وایە بە بێ یەکیەتی نەتەوەیی کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان چارەسەر نابێت. یەکیەتی نەتەوەیی دەتوانێت کۆتایی بە هەموو هێرشە داگیرکارییەکان لە کوردستان بهێنێت. لەو چوارچێوەیەدا ئێمە وەکوو پژاک پڕۆژەی دە مادەیمان بۆ رۆژهەڵاتێکی ئازاد و دموکراتیک راگەیاند، دەرگای هەموو رەخنە و بۆچوونێکیش بۆ بەهێز کردنی پڕۆژەکە ئامادەیە.

سەبارەت بە ئەرکی لایەنەکان لە دوای کۆنفرانسەکە زیلان ڤەژین وتی: پێویستە ئەرکەکانی خۆمان بەجێ بگەینین لەدوای ئەم کۆنفڕانسە دەبێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی تێبکۆشین.
سیاسەتێکی هاوبەشی نەتەویی دژی داگیرکاری رژیمی ئێران پێویستە. لایەنەکانی تریش ئەزموونی مێژوویان هەیە و لە بەر ئەوە دەتوانن رۆڵێکی بەرچاویان بۆ یەکیەتی نەتەوەیی هەبێت، پێویستە ئەوانیش چالاکانەتر بەشدار بن.

زیلان ڤەژین جەختیکردەوە هەر چاوپێکەوتنێکی دیپلۆماتیک لە گەڵ هەر هێز، حزب و رژیمێک دەبێت لە سەر بنەمای چارەسەری کێشەی گەلی کورد بەڕێوەبچێت، سیاسەت و کردەوەی هەندێک حزب کاریگەری خراپی لە سەر کۆمەڵگای کوردستان هەیە. دەرگای دیپلۆماسی بۆ هەموو لایەنێک دەتوانێت کراوە بێت، بەڵام دەبێت ڕێکەوتنەکان دموکراتیک بن و لە چوارچێوەی بەرژەوەندی گەلی کوردا بن. هەوڵنەدان بۆ یەکیەتی نەتەوەیی کێشەیەکی بنەڕەتی دێنێتە ئاراوە، پێویستە گەلی کوردیش بە پێداگریەوە رەخنەکانی ئاراستەی حیزبەکان بکات بۆ ئەوەی لێک نیزیک ببنەوە و یەکبگرن.

هاوسەرۆکی پژاک زیلان ڤەژین لە کۆتاییدا سەبارەت بە رۆڵی ژنان و جەوانان وتی: ژنان دەتوانن رۆڵی پێشەنگایەتی بۆ یەکیەتی نەتەوەیی بگێڕن. ژنان و جەوانان دەتوانن گوشار بخەنە سەر حزبەکان تا یەکگرتوو بن. بەشداری چالاکانەی ژنان لەو کۆنفڕانسەدا نیشانی دا کە ژنان ئیرادە و باوەڕیان بۆ یەکیەتی نەتەوەیی هەیە. جەوانانیش پێویستە حزبەکان لە ئەرکە مێژوویەکانیان ئاگادار کەنەوە.