ئاریەن

ساڵیادی تیرۆری دکتۆر سادق شەرەفکەندی

بیست و حەوت ساڵ لەمەوبەر لە قوڵایی ئەوروپای ئازاد و لە رەستورانتێکی ئارام و بێدەنگا، تێرۆریستانی رژیمی ئێران دکتۆر سادق شەرەفکەنی سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و هەڤاڵەکانیان دایە بەر گولە و شەهیدیان کردن.

رۆژی ١٧ی سێپتامبری ساڵی ١٩٩٢ هەواڵیک بە دنیا دا بڵاو بویەوە، هەواڵیکی دڵتەزێن بۆ لایەنگرانی ئازادی و خەمهێنەر بۆ گەلی کورد.

هەواڵەکە ئەوە بو کە چەند تێرۆریستێک لە ریستورانتی میکونوس دکتۆر سادق شەرەفکەندی سکرتێری گشتی، فەتاح عەبدولی ئەندامی کومیتەی مەرکەزی و هومایون ئەردەڵان بەرپرسی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هاوڕی لەگەڵ چالاکی سیاسی ئێرانی نوری دهکردیان داوەتە بەر گولە و شەهیدیان کردون.

محەمەد سادق شەرەفکەندی ساڵی ١٩٣٨ لە گوندی تەرەغە لە دەڤەری بۆکان لە دایک بووە، خۆێندنی سەرەتای و ناوەندی لە شاری بۆکان و دەبیرستانی لە شاری تەورێز تەواو کردوە و لیسانسی شیمی لە دەنشسەرای تاران وەگرتوە.

سادق شەرەفکەندی خۆێندکارێکی زیرەک بو و هەموو قوناخەکانی خۆێندنی بە پلەی نایاب تێپەڕاند.

ساڵی ١٩٧٢ بۆ درێژەدان بە خۆێندن چووتە وەڵاتی فەرانسە و دوای چوار ساڵ دوکتورای شیمی ئانالیز لە پاریس وەرگرت.

لە سەردەمی خۆێند لە پاریس لەگەل دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملو دەبنە هاوڕی و دواتر دەبێتە ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران.

ساڵی ١٩٨٠ و لە کونگرەی چواری حیزب دا بو بە ئەندامی کومیتەی ناوەندی.

هەر لەو ساڵەدا گروپێک لە حیزبی دیموکرات جیابونەوە کە بە گروپی حەوت کەسی ناسراون و دکتۆر سادق سەرەفکەندی بو بە ئەندامی دەفتەری سیاسی.

دکتۆر سادق شەرفەکەندی ناسرو بە دوکتور سەعید بەدەل مروڤێکی تێکۆشەر، خاوەن بڕیار، زانا و جەسوور بوو. یەکەم کەس بو لە ناو جوڵانەوەی رۆژهەڵاتی کوردستانا کتیبێکی بە ناوی جوڵانەوەکانی گەلی کوردی نوسی و باسی لە هەموو سەرهەڵدانەکانی کوردستان دەکرد و ئەوەش نیشانەی بیری بەرزی نەتەوەیی ناوبراو بوو.

دکتۆر سەعید زۆر خیرا لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانا بو بە کەسایەتیەکی جیگەی رێز و بە کار و کردار و وتار و فێرکردنەکانی جێگەی خۆی لە لای هەموو ئەندامانی حیزبەکەیدا کردەوە.

ساڵی ١٩٨٩ کاتێک دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملو لە ڤیەن پێتەختی ئوتریش لە لایەن تیرۆریستانی رژیمی ئێران تێرۆر کرا دکتۆر سادق شەرفەکەندی بو بە سکرتیری حیزب.

دکتۆر سادقی شەرفکەندی گرینگی بە خەباتی بەشەکانیتری کوردستان ئەدا، لە کار و خەباتا جیدی و بە بڕیار بو، رێزی لە هەموو کەس دەگرت و راستەوخۆ رەخنەکانی خۆی ئاراستەی هاوکارەکانی دەکرد.

دکتۆر سادقی شەرفەکەندی سالی ١٩٩٢ بۆ بەشداریکردن لە کونگرەی سوسیال ئینترناسیونالیست چوبوە ئەوروپا و دوای کونگرەکە بۆ چاوپێکەوتنێکی سیاسی چوبوە رەستورانتێک بە ناوی میکونوس کە خاوەنەکەی کەسێکی ئێرانی بوو.

ئەگەرچی دوو کاتژمێر لە کاتی کۆبونەوەکەشیان درەنگتر گەیشتبونە ئەو شوێنە بەڵام تێرورستیانی رژیمی ئێران پیلانەکەیان پێکهێنا و بە هاوکاری توڕێکی جاسوسی کە خاوەنی رەستورانەکەش لە ناویاندا بو دکتۆر سادق شەرفکەندی، فەتاح عەبدولی، هومایون ئەردوڵان و نوری دهکردی درانە بەر دەسڕێژی گولە و شەهید بون.

دادگای برلین دوای ماوەیەکی دوور و درێژ کاربەدەستانی پایەبەرزی رژیمی وەک عەلی خامنەیی، هاشمی رەفسنجانی و عەلی فەلاحیانی بە داڕژەران و بڕیاردەرانی ئەو تێرورە ناساند، بەڵام بەداخەوە هەتا ئیستا هیچ هەنگاوێکی یاسای و سیاسی سەبارەت بەو تێرورە لە لایەن ئاڵمان و ئەوروپاوە هەڵنەگیراوەتەوە.