ئاریەن

ئەنجامنامەی کۆنفڕانسی ڕاوێژی ڕۆژهەڵات بڵاوبوویەوە

بە دەستپێشخەری کونگرەی نەتەوەیی کوردستان کۆنفڕانسی راوێژی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ١٤ و ١٥ی ئەم مانگە لە ستۆکهۆڵم پێتەختی سوێد بەڕێوەچوو. ئەنجامنامەی کونفڕانسەکە لە ١٢ خاڵ بڵاوبوویەوە.

لە ئەنجامنامەکەی کۆنفڕانسی راوێژی رۆژهەڵات لە دوای شرۆڤە کردنی رەوشی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و هێرش و داگیرکاری رژیمی داگیرکەری ئێران لە ١٢ خاڵ کۆکراوەی بڕیارەکان بەمشێوەیە راگەیندرا:

١. ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرە باوەڕییە نابێ کۆماری ئێران لە سەر بناغەی یەک نەتەوە و یەک باوەڕی درووست بکرێت. دەبێت ئێران لە ناوخۆ دا دیموکراتیک، سکولار، ئازاد و دادپەروەر بێت.
٢. گەلی کورد وەکوو سەرجەم نەتەوەکانی دیکە خاوەن هەموو مافە بنەڕەتییەکان و مافی دەسنیشانکردنی چارەنووسی خۆیە.

٣. لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بونیادنانی پلاتفۆرمێکی نەتەوەیی، لە ماوەیەکی کورت دا دەست دانوستاندن بکەن و خۆیان لە کێبڕکێی نابەجێ بپارێزن.

٤. سەرجەم حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێگە نەدەن دوژمن کەڵک لە ناکۆکی یان جیاوازییە سیاسی، ئیدئۆلۆژیک و ڕێکخراوەییەکان نێوانیان وەرگرێ. پێویستە زەمینە بۆ کاری هاوبەش خۆش بکرێت.

٥. کۆبوونەوە داوا لە رۆژهەلاتی کوردستان ئەکات خاوەندارێتیی لە رۆژاواو باشووری کوردستان و پشتگیریی خەباتی ئازادیی گەلی کورد لە باکوری کوردستان بکەن.

٦. پێویستە پارت و رێکخراوەکانی کوردستان ئاستەنگەکانی بەردەم ژنان لابەرن. لە دژی نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی ڕێگر لە چالاکییەکانی ژنان خاوەن هەڵوێست بن. پێویستە ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیان خاوەن ماف و ئیرادە بن و بناغە بۆ پێشکەوتنی تەڤگەری ئازادی ژنان خۆش بکرێت.

٧ . کۆبوونەوە پشتگیریی خەبات و تێکۆشانی ژنانی کوردستان و ئێران لە پێناو ئازادی و دادپەروەری و دیموکراسیدا ئەکات.

٨. کۆبوونەوە خاوەندارێتیی و پشتگیریی لە هەموو زیندانیانی سیاسی و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەکات. سیاسەتی گرتن و ئەشکەنجەو لەسێدارەدان کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیڕەوەی ئەکات، بە هەموو شێوەیەک ریسواو شەرمەزار ئەکات.

٩. پێویستە گەلی کوردستان رێگا نەدەن کلتورو زمان و مێژوویان لەلایەن رژیمی ئێرانەوە بشێوێنرێت.

١٠. کۆبوونەوە لەو بڕوایەدایە خەباتی رەوای خەڵکی کوردستان بە بێ رووخانی دەسەڵاتی رژێمی ئیسلامیی ئێران و بەدیهێنانی ئەڵتەرناتیڤێکی دیموکرات و دادپەروەر، ناگاتە ئامانجە بنەڕەتییەکانی خۆی. هەربۆیە پێویستە خەباتی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان لەگەڵ خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران بۆ رووخانی رژێم لە هەماهەنگی و هاوکاریدا بێت.

١١. کۆبوونەوە داوا لە هەموو پێکهاتە و هێزە ئازادیخوازەکانی ئێران ئەکات، بۆ ئێرانێکی ئازاد، دیموکرات و سیکۆلار و یەکسان، بۆ چارەسەریی پرسی پێکهاتە نەتەوەیی و باوەڕییەکانی ناو ئێران، پێکەوە رێکبکەون و خەباتی هاوبەش پەرە پێبدەن.

١٢. کۆبوونەوە بانگەوازی خاوەنداریی لە ماف و بارودۆخی کۆڵبەران دەکات.

لە کۆتایی ئەنجامنامەکەدا هاتووە: بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆجێبەجێکردنی ئەم کار و داخوازییانە بکرێت، کۆبوونەوەکە کۆمیتەیەکی تایبەتی هەڵبژارد. ئەم کۆمیتەیە لەگەڵ کۆنسەی بەرێوەبەری کەنەکە هاوکاری دەکات.ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئەنجامەکانی ئەم ڕاوێژە، تێکۆشانی ئاشتی و ئازادی بەهێزتر دەکات و ڕێگا بۆ یەکێتی نەتەوەی خۆش دەکات.