ئاریەن

ئاڵدار خەلیل: لە ئەگەری هەر هێرشێک بەرخۆدان دەکەین، هەموو شتێک بە دڵی ئەردۆغان بەرەو پێشەو ناچێت

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤ- دەم “ئاڵدار خەلیل”سەبارەت بە هەڕەشەکانی سەرۆککۆماری تورکیا ئەردۆغان لە دژی خۆبەرێوەبەری باکور-رۆژهەڵاتی سووریا هەڵسەنگاندنی گرینگی کرد و ڕایگەیاند:” ئەگەر هێرشێک لەدژیان بکرێت، گەلانی هەرێمەکە بەرخۆدان دەکەن و هەموو شتێک بە دڵی ئەردۆغان بەرەو پێشەو ناچێت.

ئەندامی دەستەی بەرێوەربەری تەڤگەری کۆمەڵگای دیموکراتیک – تەڤدەم ” ئاڵدارخەلیل” سەرەتا سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەو هەڕەشە و هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا لە دژی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەژێر بانگەشەی ‘ناوچەی ئارام’ دەیکات و ڕایگەیاند؛ کاتێک چاوێک بەو هەڕەشە و هێرشانەی دەوڵەتی تورک بخشێنین، ئەوکاتە ئێمە پێویستمان بە ‘هەرێمی ئارام’ لەدژی هێرشەکانی تورکیا هەیە، نەک ئەوەی تورکیا.

ئاڵدار خەلیل ڕایگەیاند:”تورکیا دەیەوێت لە سەرانسەری سنوور بە قوڵایی ٣٠ تا ٤٠ کیلۆمەتر پشتێنەیەک دروست بکات و خۆبەڕێوەبەریی لەناو ببات. خۆی ئەوە نابێتە ‘ناوچەی ئارام’ لە ڕاستیدا دەبێتە ‘ناوچەی نائارام’ و داگیرکەریی. لە هەمان کاتدا دەڵێت ‘دەچمە ناو هەرێمەکە’. دەیەوێت وەکو عەفرینی لێبکات و چەتەکانی خۆی لە هەرێمە جێگیر بکات”.

ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری تەڤ-دەم ئاڵدار خەلیل وتی: “لە هەموو هەلێکدا ئێمە ڕایدەگەینین شەڕمان ناوێت، لە وڵاتی خۆمانین و زیانمان بە کەس نەگەیاندووە، ئێمە لەو چوارچێوەیەدا هەڵسوکەوت دەکەین. پێشنیاریشمان ئەوەیە کە ئەو شتەی بەناوی ‘هەرێمی ئارام’ بە قوڵایی ٥ کیلۆمەتر هەبێت و لە دەرەوەی شارەکان بێت. هێزەکانی ئەو هەرێمەش پێویستە هێزی خۆجێی بن. هێزە نێونەتەوەییەکان دەتوانن چاودێری ئەو هەرێمە بکەن. نەک تورکیا، بەڵام دەبێت لەژێر کۆنترۆڵی هێزە نێونەتەوەییەکان بێت”.

خەلیل ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ دیدار و دانووستانە دیپلۆماتیکەکان، ئەگەر هێرشێک لەدژیان بکرێت، گەلانی هەرێمەکە بەرخۆدان دەکەن و ئەوانیش ئامادەکاریی خۆیان بە هەموو شێوەیەک دەکەن.

ئاڵدار خەلیل دەسنیشانی کرد کە ئەوان ئەو هێزەین کە داعشمان تێکشکاندووە. با کەس نەڵێت بە ئاسانی واز لە هەرێمەکە دێنن و لە بەردەوامی دا ڕایگەیاند:”هێرشەکانی دەبێتە هۆی ئەوەی داعش لە نوێوە بژیێتەوە. بۆ نمونە ئەگەر هێرش بکرێت، هێزەکانی قەسەدە قورسایی دەدەنە سەر بەرەی شەڕ، ئەو کاتە داعش لە گرتووخانەکان و کامپەکان چۆن کۆنترۆڵ دەکرێن؟ لەوانەیە ئەردۆغان بیەوێت ڕزگاریشیان بکات. بۆ ئەوەش یەک دوو تۆپ بگرێتە گرتووخانەکان بەسە. ئەو کاتە نەک تەنیا ئارامی ئەو هەرێمە، بەڵکو ئارامی هەموو جیهان دەکەوێتە مەترسییەوە”.