ئاریەن

دە کەس لە دەروێشانی گونابادی لە زیندان دا دەستیان بە مانگرتن کرد

لەبەردەوامی ناڕەزایەتی و مانگرتنی دەروێشانی گونابادی دژ بە گوشارەکان، ١٠ دەروێش گونابادی لە مانگرتنەکانیان بەردەوامن و دەروێشێک تر لە دانیشتنی دادگا ئامادە نەبوو.

لە دوای مانگرتنی ٨ دەروێشی گونابادی لە گرتوخانەی فشافویەی تاران دوێنی دوو دەروێشیتر چوونە ڕیزی مانگرتنەکەوە.

ئەو دەروێشانە لە ناڕەزایەتی دژ بە پێشێل کردنی مافی دەرویشانی گونابادی و گوشارو سنوردارکردنی ڕێبەریان دکتۆر نور عەلی تابەندە دەستیان بە مانگرتن کردوە.

لە لایەکیترەوە دەروێشێکی تری گونابادی خویندکار بە ناوی محەمەد شەریفی‌موقەدەم لە زندانی فشافویەی تاران بەشداری دانیشتنی دادگایکردنی نەکردوە وەک ناڕەزایەتی دەربڕین.

شەریفی‌موقەدەم هۆکاری بەشداری نەکردنی لە دانیشتنی دادگادا بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە مافی قسەکردنیان پێنادرێت.

جی ئاماژە پێدانە ساڵی ڕابردوو ژمارەیەک لە دەروێشانی گونابادی لە ناڕەزایەتی دژ بە دەسگیرکردنی نعمەت اللە ریاحی لە بەرامبەر بە ئیدارەی ئیتلاعات لە شەقامی پاسدارانی ئێران گردبونەوەی ئاشتیانەیان بەڕێوەبرد لە ئەنجامدا هێزەکانی ڕژێم هێرشیان کردە سەرو لە ئەنجامدا زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە دەروێشانی گونابادی دەسبەسەر کران.