ئاریەن

قەسەدە: هێرش بەردەوامە، لانیکەم ٢٠ داگیرکەر کوژران

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتی ئەنجامی شەڕ و بەرخۆدانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، لانیکەم ٢٠ چەتەی سەربە تورکیا کوژراون.

لە لێدوانەکەیدا قەسەدە رایدەگەینێت: ئەرتەشی داگیرکەری تورکیە و چەتەکانی لە ئاسمان و زەوی هێرش دێنن. قەسەدە جەخت دەکاتەوە هێزەکانیان لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا وڵامی داگیرکەرانیان داوەتەوە.

بە گوێرەی لێدوانەکەی قەسەدە دواهەمین ئەنجامی چالاکیەکانی وڵامدانەوەی شەڕڤانان بەمجۆرەیە.
بەرەی تل‌تەمەر: سوپای داگیرکەری تورکیە و چەتە هاوپەیمانەکانی بە چەکی قورس، تانک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر گوندەکانی تەویل، دبسا، مەناجیر و ئومەلکێف. لە ئەنجامی وڵامدانەوەی هێزەکانماندا ٩ چەتەی سەربە سوپای داگیرکەری تورکیە کوژران.

سەبارەت بە ئەنجامی بەرخودانی شەڕڤانان لە بەرەی ئەبووراسێن قەسەدە رایدەگەینێت: ئەرتەشی تورکیە و چەتەکانی ئەو دەوڵەتی لە هێرشەکانیان بۆ داگیرکردنی گوندەکانی بابولخەیر، فەرەج، تل‌موحەمەد،داوودیە و خشم و ناوچەی زرگان بەردەوام دەکەن.

ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکان لە بەرەی عەین‌عیسا بە گوێڕەی لێدوانەکەی قەسەدە وەهایە: سوپای داگیرکەری تورکیە و چەتەکانی لە دەوروبەری گوندەکانی بەربەریە، شەڕگراس و ناسریە بە چەکی قورس، تانک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشەکانیان چڕ کردەوە. لە ئەنجامی وڵامدانەوەی هێزەکانماندا ١١ چەتە و داگیرکەر کوژران و ٦چەتەش بریندار بوون و ژمارەیەک لە چەک و جبەخانە لەلایەن قەسەدەوە دەستیبەسەردا گیرا. قەسەدە جەخت دەکاتەوە شەڕڤانان ئەو هێرشەیان تێکشکاندووە.

قەسەدە لە کۆتایی لێدوانەکەیدا رایدەگەینێت: لە بەرخودانی شەڕڤانانمدا ١٥ هەڤاڵمان لە ئەنجامی شەڕی قارەمانانەدا گیانیان بەختکرد، ١٣ هەڤاڵیشمان بریندار بوون.