ئاریەن

قەرەیلان: هەموو کوردان لە کەشتیەکدان

موراد قەرەیلان لە بەشی دووهەمی بەرنامەیەکی تایبەت لە گەڵ ستێرک تیڤی جەختی لە سەر یەکیەتی کوردان کردەوە و وتی: ئێمە کوردان هەموومان لە کەشتیەکداین، یا هەموومان بە یەکەوە سەر دەکەوین یا هەموومان پێکەوە لەنێو دەچین.

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پەکەکە موراد قەرەیلان لە بەشی دووهەمی وتوبێژەکەیدا لە گەڵ ستێرک تیڤی وتی: ئەردوغان لە دژی هەموان جینوساید پێکدێنێت. لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نەخشەیەکی نیشاندا و وتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داگیر دەکات و پەنابەری تێدا نیشتەجێ دەکات. ئەو کاتە کەس پێی نەوت ئەم مافەت لە کوێ هێناوە. سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر ئەوە بێدەنگ ما و نەتەوە یەکگرتووەکان لەم قڕکردنەدا هاوبەشە. ئەمە لە کاتێکدایە لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان مافی زمان، کەلتور، خۆبەڕێوەبەری گەلان بە مافێکی ڕەوا ناسراوە. گەلی کوردیش داوای ئەم مافە ڕەوایەی دەکات. داواکاری ڕەوای کورد وەک “تیرۆر” لەقەڵەمدەدەن. پێویستی بە تێکۆشانی سیاسی، دیپلۆماسی، کۆمەڵایەتی و سەربازی هەیە. کاتێک بەو شێوەیە خەبات بەڕێوەبرا، شتێک نابێت کە لێی بترسین و دەتوانین بەرەو پێشەوە بچین.

سەبارەت بە یەکیەتی نەتەوەی گەلی کورد موراد قەرەیلان وتی: کێشە گەورەکەی کورد یەکێتی نەتەوەیی یە. ئێمەی کورد لە یەک کەشتیداین. ئەگەر کەشتیەکە ژێرئاو بکەوێت، هەموومان ژێرئاو دەکەوین و بە پێچەوانەوە هەموومان بەیەکەوە سەردەکەوین. لەگەڵ ئەوەشدا باس لە یەکێتی نەتەوەیی ناکرێت. لەم دۆخەدا دەرفەتێکی گەورە هەیە. بە هۆی بەرخودانی پڕشکۆی ڕۆژئاوای کوردستان و لە سایەی بەرخۆدێران ئەمڕۆ دەنگی گەلی کورد دەگاتە هەموو جیهان. ناوەندەکانی جیهان هەموو سەرنجی دەدەن. دەرفەتێکی گرنگە. ئەگەر ئێمەی کورد ستراتیژی و سیاسەتێکی هاوبەش بەڕێوەببەین و شەپۆلی نوێی داگیرکەری تورکیە تێکشبشکێنین، ئەو کاتە دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەپاریزرێن و کێشەی کورد چارەسەر دەبێت.

سەبارەت بە مەترسیەکانی باشووری کوردستان موراد قەرەیلان وتی: لە عێراق باسی دەستووری بنەڕەتی نوێ دەکرێت. دەوڵەتی تورکیە هەندێک حیساباتی هەیە. دەگوترێت ژمارەیەک لە کەرکوکەوە بۆ تورکیا براون و پەروەردەکراون. هەوڵی بەڕێکخستکردنی سونەکان دەدرێت. لەگەل داعش ئامادەکاری لەدژی هەرێمەکە دەکەن. ئەمانە نیشان دەدەن مەترسی هەیە.

موراد قەرەیلان بانگەوازی لە کاربەدەستانی باشووری کوردستان کرد: ئێدی مەترسیەکە ببینن. چەقۆ گەیشتووەتە ئێسقان. ئەگەر ئەم پێڤاژۆیە لەدەست بچێت، گەلی کورد ناتوانێت وەک ئێستا دەنگی بگەیەنێتە هەموو جێگەیەک. دەرفەتێکی گرنگ لەدەستی کورددایە. دۆزی ڕەوای کورد ئێستا لە ڕۆژەڤی هەموو جیهاندایە. ئەگەر سیاسەتێکی هاوبەش و ڕاستمان هەبێت، ئەو کاتە شەپۆلی هێرشە داگیرکەریەکان تێکدەشکێنرێت. دەستکەوتەکان مسۆگەر دەکرێن. ئەگەر نەتوانین ئەوە بکەین، هەموو شتێک لەدەست دەچێت. پێویستە بە جددی بیربکەینەوە.

قەڕەیلان لە کۆتایی قسەکانیدا لەبارەی یەکێتی نەتەوەیی ئەم پێشنیارەی کرد: ئێستا کەنەکە هەیە لە رێگەی کەنەکە ڕۆشنبیران، نووسەران و هونەرمەندانی بێلایەنی کوردستان دەتوانن کۆمسیۆنێک دروست بکەن. ئەو کۆمسیۆنە دەتوانێت لەگەڵ پارتە کوردیەکان دانیشێت. داوا بکرێت لە سەر هێڵی نەتەوەیی بەیەکەوە دانیشن. کێ لە خەتی نەتەوەیی دەربچێت، پێویستە ڕەخنە بکرێت و هەڵوێست بەرامبەری نیشان بدرێت. بەرنامەی یەکێتی نەتەوەی ئامادەیە. بەرنامەی یەکێتی نەتەوەیی کە لە ساڵی ٢٠١٣ دا ئامادە کرابوو لە قۆناخی کۆتاییدا ڕاگیرا. ئەگەر هەموو لایەنەکان ئەو بەرنامەیە قبوڵ بکەن، پێویست ناکات لە سفرەوە دەستپێبکەین. واتە لە ڕاستیدا بناغەیەک بۆ یەکێتی نەتەوەیی هەیە.