ئاریەن

ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق هەڵهاتون بۆ هەرێمی کوردستان

خۆپیشاندانەکانی عێراق بەردەوامە و پۆلیس بۆ بڵاوپێکردنی خۆپیشاندەران هێرشیان دەکاتە سەر و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانیش ماڵ و شارەکانی خۆیان جێهێشتوە و ڕویان کردۆتە هەرێمی کوردستان.

لە بەغداد و شارەکانی ناوەڕاستی عێراق، خۆپیشاندانی خەڵکی بەردەوامە.

لە بەغداد خۆپیشاندەران چەندین ڕێگەی سەرەکی و پردیان کۆنترۆڵکردوە و هێزە ئەمنیەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران توندوتیژی بەکاردەهێنن و تەنها لەنێوان پردی شەهیدان و ئەحرار لە ناوەندی بەغداد نزیکەی ٢٠ بریندار لەخۆپیشاندەران هەیە و میدیاکانی عێراق، ئاماژە بەوەدەکەن لەکاتێکدا هێرش دەکرێتە سەر خۆپیشاندەران دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری پشتیوانی لە دەزگا ئەمنیەکان بۆسەپاندنی دۆخی ئەمنی دەکەن.

بەگوێرەی چەند میدیای عێراقی، چەند پەرلەمانتارێک لە فراکسیۆنەکانی فەتح، سائیرون و دەوڵەتی یاسا ڕویان لە هەرێمی کوردستان کردوە.

لەلایەکیترەوە بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی بەغداد و باشوری عێراق، خوێندکارانی زانکۆی موسڵ ماوەی ٤ ڕۆژە نەچونەتە هۆڵەکانی وانە خوێندنەوە و رایدەگەینن ئەوەمان پێمان دەکرێت کە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بکەین.

لە بارەی خۆپیشاندانەکانی عێراقەوە ، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتگیری خۆی بۆ داواکاری خۆپیشاندەران خستۆتە ڕوو هەروەها ئیدانەی کوشتن و ڕفاندنی خۆپیشاندەران چالاکوانان کردوە و داواشی لەحکومەتی عێراق کردوە بەدەم داواکاری خۆپیشاندەرانەوە بڕوات.

هەروەها نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتوەکان لەعێراق، دوەمین ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی پێشێلکارییەکانی عێراق بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هێزە عێراقیەکان بەشێوەیەکی هەڕەمەکیانە تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن و هێزە ئەمنیەکان خۆپیشاندانەکان سەرکوت دەکەن.
راشیدەگەینن بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت هێرشکردنە سەر ئازادی تاکەکەسی.

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لەعێراق، ڕایدەگەیەنێت لە خۆپیشاندانەکان دا نزیکەی ٣٠٠ خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە ١٢ هەزار کەس بریندار بوون.

لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەرەوە بەسەدان هەزار کەس لە بەغداد و ناوەڕاست و باشوری عێراق بەمەبەستی داواکردنی خزمەتگوزارییەکان و هەلی کار خۆپیشاندانیان دەست پێکردوە و لە ئێستا داخوازییەکانیان گۆڕاوە بۆ گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی و لە شەقامەکان دا ناڕەزایەتیەکانیان بۆ مانگرتنی گشتی گۆڕیوە.