ئاریەن

پەیامێک لە قەرەیلانەوە

موراد قەرەیلان ئاماژە بەوە دەکات کە دەرفەتێکی گرنگ دەست کورد کەوتووە و ئێستا جیهان دەنگی کورد دەبیستێت، پێویستە بە ستراتیژی و سیاسەتێکی هاوبەش داگیرکارییەکان تێکبشکێنین بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی کورد بۆ هەمیشە بمێننەوە و کێشەی کورد چارەسەر بێت.

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری پەکەکە بەشداری بەرنامەی تایبەتی ستێرک تی ڤی بوو، لەسەر چەند بابەتێکی گرنگ لەوانە؛ یەکێتی نەتەوەیی کورد و پێویستی ستراتیژی و سیاسەتی هاوبەشی کورد قسەیکرد و پێشنیارێکیشی بۆ یەکێتی نەتەوەیی خستە ڕوو.

قەرەیلان ئاماژەی بەوەدا کە یەکێک لە کێشە هەرە گرنگەکانی گەلی کورد کێشەی یەکێتی نەتەوەییە و، وتی: ئێمەی کورد هەموو لە یەک کەشتیداین، ئەگەر لایەکی ژێرئاو بکەوێت ئەو کات هەموو ژێر ئاو دەکەون، سەرەڕای ئەمەش پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی ناخرێتە ڕوو باسی لەسەر ناکرێت، بە تایبەت لەم کاتە دەرفەتێکی گرنگ هەیە، لە کەسایەتی ڕۆژئاوای کوردستان و لە سایەی بەرخۆدانی شکۆمەند دەنگی کورد ئەمڕۆ گەیشتووەتە هەموو جیهان، سیستمی جیهان هەموو ڕاوەستەی لەسەر دەکەن، ئەمە دەرفەتێکی گرنگە، ئەگەر ئێمەی کورد ستراتیژی و سیاسەتێکی هاوبەش بخولقێنین، ئەگەر ئەو شەپولە نوێیەی داگیرکاری دەوڵەتی تورک تێکبشکێنین، دەستکەوتەکانی کورد بۆ هەمیشەیی دەمیننەوە و کێشەی کورد چارەسەر دەبن.

قەرەیلان لە بەردەوامی قسەکانیدا، وتی: دەمەوێت بانگ لە ڕێبەرانی پارتە کوردەکان و کەسانێک کە خۆیان بە بەرپرس دەزانن بکەم؛ پێویستە چیتر مەترسییەکان ببینین، چەقۆ گەیشتووەتە سەر ئێسک، ئەگەر ئەم قۆناغە لەدەست بچێت، کورد ئیدی ناتوانێت وەک ئێستا دەنگی خۆی بگەینێتە هەموو شوێنێک، ئێستا دەرفەتێکی گەورە لەدەستی کورد دایە، دۆزی ڕەوای گەلی کورد ئێستا لە ڕۆژەڤی جیهان دایە، ئەگەر سیاسەتێکی ڕاست و هاوبەشمان هەبێت، دەتوانرێت لێشاوی هێرشە فاشیستی، مشەخوری و قڕکەرانەکان تێکبشکێندرێت و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان هەمیشەیی بکرێنەوە، ئەگەر نەتوانین ئەمە پێکبێنین هەموو شتێک لە دەستمان دەچێت، پێویستە لەسەر ئەم بابەتە بە جددی ڕاوەستین و بیری لێبکەینەوە.

قەرەیلان لە بەردەوامیدا ئاماژەی بەوەدا کە، ئەمانە هەمووی لەسەر بنەمای یەکێتی نەتەوییە و پێویستە هەنگاوی گرنگی بۆ بنرێت و پێشنیارێکی بەو شێوەیەی کرد: ئێستا کەنەکە هەیە، لە ڕێگای کەنەکەوە ڕۆشنبیر، هونەرمەند، نووسەر و بێلایەنەکان لە کوردستان دەتوانن کۆمسیۆنێک دابمەزرێنن، با ئەو کۆمیسیۆنە لەگەڵ هەموو پارتە کوردییەکان کۆببێتەوە و داوایان لێبکات لەسەر هێڵی یەکێتی نەتەوەیی یەکبگرنەوە، ئەوەی لەو هێڵە لایدا، پێویستە بکەوێتە بەر ڕەخنە و هەڵویستی لەبەرامبەر نیشانبدرێت، پێشنیاری دیکەشم ئەوەیە: بەرنامەی یەکێتی نەتەوەیی ئامادەیە، ئەو بەرنامەیەی کە ساڵی ٢٠١٣ ئامادەکرابوو لە قۆناغی کۆتایی ڕاگیرا، ئەگەر هەموو لایەنەکان ئەم بەرنامەیە قبوڵ بکەن، پێویستە ناکات سەرلەنوێ لە سفرەوە دەست بەو هەوڵدانە بکرێت، چونکە بنەمایەک هەیە و بە کۆبوونەوە لەسەر ئەم بنەمایە، دەتوانێت قۆناغەکە پێکبێت، ڕاستیش ئەوەیە بنەمایەک بۆ یەکێتی نەتەوەیی هەیە.