ئاریەن

کۆدار: نزیکبوونەوەی گەلان لە دژی فاشیسم ئەرکێکی مرۆڤانەیە

کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، لەبارەی ڕووداوەکانی ستادیۆمی تەورێز کە تێیدا پشتیوانی لە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە بۆ کۆمەڵکوژی گەلان کرا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

کۆمەڵگای دموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان بە لێدوانێک سەبارەت بە رووداوی ستادیۆمی تەورێز رایدەگەینێت: هێرشی داگیرکارانەی تورکیە بۆ پاکتاوی نەژادی و گۆڕینی دموگرافی رۆژاوا و باکووری سووریا هەبوونی گەلانی رووبەڕووی مەترسی کردوتەوە. لە بەرامبەر ئەو داگیرکاریە پشتیوانی گەلان لە دژی بێهەڵوێستی دەوڵەتەکان هیوای بۆ هاوئاهەنگی گەلان زیاتر کردووە. لەم ناوەیەدا دورشمە نەتەوەپەرەستانە و فاشیستیەکانی ژمارەیەک لە ستادیۆمی تەورێز بێڕێزی بە ژیانی هاوبەشی گەلان و تێکۆشانەکان لە ڕێگای ئازادی گەلانی ژێر ستەمە. لە کاتێکدا هەبوونی گەلانی باکووری سووریا لە مەترسیەدایە و شەپۆلێکی لە پشتیوانی گەلانی ئێران دەستی پێکردووە، کردەوەی هەندێک لە ستادیۆمی تەورێز لە رۆژی ١٠ی خەزەڵوەر لە پشتیوانی تورکیە و دژی گەلانی باکووری سووریا کردەوەیەکی قیزەونە.

لە بەردەوامی لێدوانەکەدا هاتووە: وەکووە کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، سەرەڕای شەرمەزارکردنی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیە و کردەوە فاشیستیانەکانی هەندێک لە تەورێز بانگەوازی لە گەلی بەشەرەفی ئازەری دەکەین لە پێناو برایەتی گەلان، ڕێگای گێرەشێوێنی و ئاڵۆزی دروست کردن بە هەندێک بەکرێگیراوی فاشیست نەدەن.

کۆدار رووبە گەلانی ئێران رایدەگەینێت: داوا دەکەین بەردەوام بن لە ڕێپێوان، چالاکیی کۆمەڵایەتی و بەڕیوەبردنی کەمپەین بۆ داهاتوویەکی ئازاد، یەکسان و دیموکراتیک لەسەر بنەمای یەکێتی گەلان.
دەبێت لە مەیدانەکان ئامادە بن، برایەتی گەلان لە قۆناغی شەڕی جیهانی سێیەم کە داوێنی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە، ئەرکێکی ئەخلاقی، مەدەنی و سیاسی هەموو گەلانە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، جەخت دەکاتەوە: جارێکی دیکە لەگەڵ بانگەوازی گەلان بۆ بەهێزکردنی برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و دیموکراتیک، هیوامەداری خۆمان بۆ سەقامگیری برایەتی و ئازادی گەلان لە چوارچێوەی نەتەوەی دیموکراتیک دەردەبڕین.