ئاریەن

پژاک: جەوانان بە رۆحی عاکیفەکانەوە بەشداری بەرخۆدانی رۆژئاوا بن

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بە لێدوانێک یادی تێکۆشەرانی پێشەنگی ئازادی عاکیف زاگرۆس و سیروان ناری بەرز راگرتووە. پەژاک داوا لە جەوانان دەکات شوێنی پێی شەهیدانێک وەکوو عاکیف بکەوەن بەشداری لە بەرخودانی رۆژاوا بکەن.

مەجلسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە لێدوانەکەیدا سەبارەت بە گیانی بەختکردنی تێکۆشەران عاکیف و سیروان رایدەگەینێت: لە رۆژی ٥ ی نوامبری ساڵی ٢٠٠٦ خدر خرینگە ناسراو بە عاکیف مامۆ زاگرۆس و فەهمی رۆستەمی ناسراو بە سیروان ناری دووکادری پێشەنگ و دامەزرێنەری پەژاک لە کاتی تێپەڕاندنی ئەرکە شۆڕشگێڕیەکانیان بە ڕووداوێکی سروشتی گیانیان شەهید بوون. شەهیدبوونی ئه‌وهه‌ڤاڵانه‌، ناخ و ویژدانی هەر تاکێکی ئازدیخوازی هەژاند و بۆ تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلەکەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران خەسارێکی مەزن بوو. لەساڵیادی ئەو دوو فەرماندەی پێشەنگەی پارتەکەمان یادی هەر دوو هەڤاڵی نەبەز و قارەمان بە هەستێکی شۆڕشگێڕانەوە بەرز رادەگرین.

سەبارەەت بە کەسایەتی عاکیف زاگرۆس پەژاک رایدەگەینێت: فەرماندە عاکیف شۆڕشگێڕێکی نایابی لێوانلێو لە فیداکاری، بەرپرسیارێتی و هۆشیاری بوو. هەڤاڵ عاکیف وەک کادێرێکی پێشەنگ، لەدامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان، خاوەن رۆڵ بوو. بە دڵنزمی،ورە، پاک و بێگەردییه‌وه‌، سەرجەم هەوڵ و کۆششی لەپێناو ئافڕاندنی کەسایەتی ئازاد و شۆڕشگێڕ لەرۆژهەڵاتی کوردستان خستبووە گەڕ. خاوەن کەسایەتییەکی لێهاتوو و بەتوانا بوو کە بە هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی لەبەرامبەر رژێمی داگیرکەری ئێران، بەردەوام لەناو تێکۆشاندا بوو. فەرماندە عاکیف بە بەردەوامی هێز و ورەی بە گەل و هەڤاڵانی دەبەخشی. له‌ ئاشنا بوونی جەوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران به‌ هزر و رامانی رێبەر ئاپۆ تێکۆشا. هەڤاڵمان عاکیف لە خاوەندارێتی لەتێکۆشانی کورد لەسەرجەم بەشەکانی کوردستان و هەوڵدان بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی، رۆڵی كاراو به‌رچاوی هەبوو.

پژاک لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا رایدەگەینێت:شەهید سیروان ناری خاوەن کەسایەتییەکی ئارام و هێمن بوو. بە نووسین و شیکارییەکانی، شوێنپەنجەی تێکۆشانی لەخەباتی راگەیاندنی ئازاد لەرۆژهەڵاتی کوردستان تا بە ئەمڕۆ دیار و بەرچاوە. هەڤاڵمان سیروان لەپێناو بڵاوکردنەوەی فەلسەفەی ئاپۆیی لەئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە ورەیەکی بەرزەوە تێدەکۆشا.

پژاک جەخت دەکاتەوە: هەر دوو هەڤاڵی شەهیدمان شوێنپەنجەی خەباتیان لەسەرجەم تێکۆشانی ئازادیخوازیی لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەرچاوە. خاوەندارێتی شکۆمەندانەی گەل لەکۆبانێ، شەنگاڵ و رۆژئاوا کە بە رۆحی یەکێتی نەتەوەیی پێکهات، بەرهەمی تێکۆشانی ماندوونەناسانەی “عاکیف و سیروان” ەکانە. بناغەی خەبات و تێکۆشانی پژاک بە رۆحی خەباتی عاکیف و سیراوانەکان داڕێژراوە، بۆیە پژاک بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی شەهیدانە.

پژاک سەبارەت بە خاوەندارەتی کردنی لە بەرخودانی ڕۆژاوا رایدەگەینێت: دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بە ئامانجی قڕکردن هێرشی کردۆتە سەر گەلەکەمان لەرۆژئاوا و رۆژانە بە دەیان هاووڵاتی و شەرڤانی رێگای ئازادی گیانیان بەخت دەکەن. لەم کاتەدا هاورێبازانی “عاکیف”ەکان و “سیروان”ەکان بۆ پاراستنی شکۆی نیشتمان، سەرجەم سنوورە دەستکردەکان دەبەزێنن و روو لەرۆژئاوا دەکەن.

لە بەردەوامیدا پژاک رایدەگەینێت: هاوکات لەساڵڕۆژی لەسێدارەدانی “شێرکۆ معارفی” لەلایەن رژێمی داگیرکەری ئێران، یادی بەرز رادەگرین و کردەوەی دژە مرۆییانەی لەسێدارەدان و تیرۆر بە توندی شەرمەزار دەکەین.

لە کۆتایدا پارتی ژیانی ئازادی کوردستان رایدەگەینێت: لەکەسایەتی شەهیدان عاکیف، سیروان و شێرکۆ، یادی سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی بەرز رادەگرین و داوا لەسەرجەم جەوانان و ژنان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەکەین خاوەندارێتی لەرێبازی شەهیدان بکەن و بۆ بەدیهێنانی ئاواتی شەهیدان، بەشداری لە بەرخۆدانی نەتەوەیی و جەنگی رۆژئاوا بکەن.