ئاریەن

فۆزا یووسف: ئەردوغانیش وەک بەغدادی و سەدام تێکدەچێت

ئەمڕۆ لە شاری قامیشلۆ لە ڕێوڕەسمیكی هەزاران کەسی بۆ ڕێزلێنان لە گیانبەختکردوانی قەسەدە فۆزا یووسف ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤدەم قسەی کرد. فۆزا یوسف بانگی لە رژیمی سووریا کرد پێکەوە دەستوورێکی دموکراتیک بۆ سووریا بنووسنەوە کە مافی هەموو گەلانی سووریا تێیدا مسۆگەر کرابێت.

لە شاری قامیشلۆ بۆ شەڕڤانانی قەسەدە کە لە شەڕ دژی چەتەکانی داعشدا گیانیان بەختکردووە بە بەشداری هەزارن کەس ڕێوڕەسمێک بەڕێوەچوو. لەو مەراسیمەدا ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری دموکراتیک فۆزا یوسف بۆ جەماوەر قسەی کرد و وتی: تورکیە دەیەویت گەلان کۆمەڵکوژ بکات. ئێمە ئەوە قەبووڵ ناکەین. ٥ میلیۆن کەسیان لە دەستوری سووریا پشتگوێ خست. ئەوەی کە هەتا ئێستا یەکیەتی خاکی سوریای لە چەتەکانی داعش پاراست یەپەگە، یەپەژە و قەسەدە بوون. شەهیدانی ئێمە دەڵێن نە بۆ داگیرکەری زڵموزۆرداری.

فۆزا یوسف جەختی کردەوە : بۆ ئەوەی کە ئێمە بە کەرامەتەوە لە سەر ئەم خاکە بژین ١٢ هەزار شەهید خۆێنی خۆیان رژاندووە نەک بۆ ئەوەی کە ئێمە بە هەرزانی لە گەڵ ڕژیم رێکبکەوین. کاتێکی مافەکانی ئێمە مسۆگەر کرا ئەو کات چارەسەری پێش دەکەوێت. قەسەدە و خۆبەڕێوەبەری دموکراتیک یەکیەتی سووریا و ئیرادەی ئێمەیان پاراست. دەبێت سووریا دان بە رێکخراوەکانی ئێمەدا بنێت. دەبێت ئەو سازە و رێکخراوانەی ئێمە قەبووڵ بکرێن و بپارێزێن. دەبێت ناسنامەی سیاسی، کەلتووری و جڤاکی ئێمە قەبووڵ بکرێت. دەبێت نکۆڵی لە هەبوونمان نەکرێت. دەبێت لەم وڵاتە وەکوو هەر سووریەکی تر خاوەن مافە بنەڕەتیەکەمان بژین.

فۆزا یووسف روو بە نەتەوەیەکگرتووەکان وتی: دەبێت نەتەوەیەکگرتووەکان هەوڵی تورکیە بۆ کۆمەڵکوژی رەت بکاتەوە. بێن ببین چۆن گوندەکانی کوردان، ئێزدیەکان و گەلانی تر تاڵان دەکرێت و ماڵەکانیان دەڕووخێندرێت. بێن بە چاوی خۆیان ببینن چۆن منداڵ بە چەکی فوسفۆر دەسووتێندرێت.

فۆزا یوسف لە بەردەوامیدا وتی: بانگەوازی لە حکوومەتی سووریا دەکەین وەرن پێکەوە کۆتایی بەم کۆمەڵکوژی بێنین. با سیستمێکی دموکراتیک و ئاشتیخواز پێکبێنین. با دەستوورێکی بنەڕەتی دموکراتیک بنووسینەوە. نووسینەوەی دەستور لە گەڵ چەتەکان ناکرێت. دەبێت لە نێوان کورد، عەرەب، سوریان، تورکەمەن و سوریان پەیمانێکی کۆمەڵایەتی دابمەزرێت. با خۆبەڕێوەبەری بکەینە خۆبەڕێوەبەری دموکراتیکی پێشەڕۆژی سووریا. هیچ کەس ناتوانێت ئیرادەی ئێمە کە بە خوێنی هەزاران شەهید راگیراوە تێکبشکێنێت. با هەموو دنیا شایەت بێت، ئێمە خاک و وڵاتی خۆمان بەجێناهێڵین.

فۆزا یووسف لە کۆتاییدا دەستنیشانی کرد: هەروەک چۆن سەدام و ئوبوبەکر بەغدادی تێکچوو، ئەردۆغان و چەتەکانیشی تێکدەچن. هەر وەک چۆن سەدام نەیتوانی گەلی کورد لەنێو ببات، ئەردۆغانیش ناتوانێت. یەکیەتی کوردان و یەکیەتی گەلان سەردەکەوێت.