ئاریەن

خۆپیشاندەرانی عێراقی دژی دەستێوەردانەکانی ڕژێمی ئێرانن

ماوەی ٩ ڕۆژە لە ناوەڕاست و باشوری عێراق خۆپیشاندانی خەڵکی لەدژی گەندەڵی و بێکاری و دەستتێوەردانی ڕژێمی ئێران لە عێراق دا بەردەوامە و لایەنە سیاسیەکانی عێراق لە ژوورە تاریکەکانەوە گوێ لە ئامۆژگارییەکانی سەرانی ڕژێمی ئێران دەگرن.

ئەمڕۆ خۆپیشاندان لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدای پایتەختی عێراق درێژەی هەبوو، هێزە ئەمنیەکان ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران بونەتەوە و توندوتیژی لێکەوتۆتەوە.

لە بەسرەش خۆپیشاندەران ڕێگای سەرەکی دەروازەی نیودەوڵەتی ئوم قەسریان گرتوە وبەپێی میدیا عێراقیەکان بەهۆی هێرشی هێزە ئەمنیەکانەوە زیاتر لە ٣٠خۆپیشاندەر برینداربوون. بەڵام هەندێ سەرچاوە ئاماژە بەوەدەدەن زیاتر لە ١٢٠ خۆپیشاندەر برینداربوون.

بەپێی دوایین ئامارەکان لەم ماوەیەدا زیاتر لە ٢٥٠ خۆپیشاندەر کوژراون و ١١ هەزار کەسیش برینداربوون.
خۆپیشاندەران لە ئێستا دا جیاواز لە چاکاسازیەکان و ڕوبەڕوبوەنەوەی گەندەڵی دژی دەست تێوەردانی ڕژێمی ئێرانن و دووڕۆژە داوای بایکۆتی کاڵای ئێرانی دەکەن و لە خۆپیشاندانەکان دا وێنەکانی سەرانی ڕژێمی ئێران بەنەفرەت دەکەن و بەپێڵاو ئەکێشن بەسەر وێنەی سەرانی ڕژێمی ئێراندا.

بەپێی بەدواداچونە ڕۆژنامەوانیەکان، سەرانی ڕژێمی ئێران بۆ کپکردنی دەنگی خەڵکی لەگەڵ بەرپرسانی لایەنە سیاسیە عێراقیەکان کۆبونەتەوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردۆتەوە ڕژێمی ئێران بۆ پاراستنی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەکەی ، بەهاوکاری موقتەداسەدر و هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و هێزەکانی حەشدی شەعبی دەستی بەهەوڵدانەکانی کردوە.

لە دوو ڕۆژی ڕابردودا لەکۆبوونەوەی کۆشکی سەلام دا بەسەرۆکایەتی بەرهەم ساڵح لایەنە عێراقیەکان بەسەدر و عامریشەوە هاوڕابوون لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی.

ئەم ڕوداوانەی عێراق لەکاتێکدایە سەرانی باڵای ڕژێمی ئێران لە وتەکانیان دا خۆپیشاندەرانی عێراقیان بەگێرەشێوێن ناوبردوە و خەڵکیش دروشم دژی بونی هێزی ئێڕانی لە عێراق دەدەنەوە و کۆنترۆڵکردنی حکومەتی عێراق لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە شەرمەزاردەکەن.

هەروەها شەوی ڕابردوو سەرکردەی میلیشیای کەتائیبی سەید ئەلشوهەدای سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی ئەبو ئاڵا وەلائی، هەڕەشەی وێرانکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکای کردوە و ڕایگەیاندوە ئەگەر ئاڵۆزی لە ووڵاتەکەماندا ڕوبدات باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەبێتە شوێنەوارێکی چۆڵ.

دۆخی ئاڵۆزییەکانی عێراق بەشێوەیەکە کە لەبەرامبەر پێشهاتەکاندا پێشبینی ناکرێت، وەک چاودێران دەڵێن عێراق بۆمبێکە کە لەهەر ئان و ساتێکدا بێت دەتەقێتەوە.