ئاریەن

بەشی یەکەمی نووسینەوەی دەستووری سوریا کارەکانی کۆتایی هات

بەشی یەکەمی کۆبونەوەکانی کۆمیتەی دەستوری سوریا کە لە ٣٠ ئوکتوبرەوە دەستی پێکردبوو کۆتایی پێهات.

گیەر پێدێرسێن نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا بانگەشەی ئەوەی کرد کە کۆبوونەوەکان بە سەرکەوتووی کۆتایی پێهاتووە. ناوبراو دانیبەوەشدا ناوە کە کۆمەڵێک تێبینی و کەموکورتی لە کۆبوونەوەکاندا بووە. پێدێرسێن رایگەیاند لە کۆبوونەوە سێ ڕۆژیەدا نوێنەری رژیمی سووریا، نوێنەرانی ئوپوزیسیۆنی و کۆمەڵگاکی مەدەنی بۆچونەکانیان لەبارەی دەستووری نوێیەوە دەربڕی. هەروها ئەندامانی کۆمیتەی دەستوریش قسەیان لەسەر بۆچوونەکان کردووە.

نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی سوریا هەروەها رایگەیاند دوای کۆمیتەی دەستوری کە لە ١٥٠ کەس پێک دێت، دەستەی نووسینەوەی دەستورییش پێک هێنرا کە لە ٤٥ ئەندام پێک دێت. ئەو دەستەیەیش بریاری دا رۆژی دووشەمە جارێکی تر کۆ ببێتەوەو کۆبونەوەکەش بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت.

چاودێرانی سیاسی لەو بڕوایەدان کۆمیتەی نووسینەوەی دەستووی بە بێ بەشداری مەجلسی سووریای دموکراتیک کە نوێنەرایەتی ٥ میلیۆن هاووڵاتی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دەکات سەرناکەوێت. لەلایەکی تریش ئەو کۆمیتەیە لە نێوخۆی لە چەندین لایەن دژبەر پێکدێت و توانای گەیشتن بە ئەنجامێکی نیە.