ئاریەن

بەرخۆدانی کۆبانێ درێژەی هەیە

ساڵی ٢٠١٤، چەتەکانی داعش بە پاڵپشتی هێزە جیهانی و هەرێمییەکان خەلافەتی ئیسلامییان لە عێراق و شام (سوریا) بە سەرکردەیی ئەبوبەکر بەغدادی ڕاگەیاند، دوای داگیرکردنی بەشێکی زۆر لە خاکی وڵاتانی عێراق و سوریا، ڕۆژی ١٥-٩-٢٠١٤ ڕوویان لە کانتۆنی کۆبانێ کرد و دەستیان بە داگیرکردنی گوندەکانی دەوروبەری ئەو کانتۆنە کرد بەڵام روبەروی بەرخودانێکی مێژووی شەڕڤانان بونەوە.

ڕۆژی ٦ی ١٠ی ٢٠١٤ هەزاران چەتە کە خۆیان گەیاندبووە دەوروبەری شاری کۆبانێ و شارەکەیان گەمارۆ دابوو، توانییان لەلای ڕۆژهەڵاتی شارەکەوە بچنە ناو کۆبانێ‌یەوە.

ئیمکاناتی چەتەکان و ژمارەیان بە بەراورد لەگەل شەڕڤانان زۆر زیاتر بو، ڕژیمی ئەردوغان هاوکاری ئاشکرای چەتەکانی دەکرد و چاوەڕوانی کەوتنی کۆبانێ بوو.

شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە بە ئیمکاناتێکی سنووردار و ژمارەیەکی کەمەوە بڕیاری مان و نەمانیان دا و ئامادە نەبون ڕیگە بە چەتەکان بدەن شار داگیر بکات.

ئازادیخوازانی جیهان هیوایان بە بەرخۆدانی شەڕڤانان بەستبوو، لە هەموو شارەکانی کوردستان و جیهان ڕژانە مەیدانەکان و پشتیوانییان لە بەرخۆدانی کۆبانێ کرد.

پشتیوانی لە کۆبانێ و بەرخۆدانی شەڕڤانانی کورد لە ئاستی جیهاندا دەنگی دایەوە و چیتر هێزە سیاسی و دەوڵەتەکانیش نەیانتوانی لە بەرامبەر دڕندەیی چەتەکانی داعش بێدەنگ بن، هەر لەو کاتەدا کە شەڕڤانان بڕیاریاندابوو کە تا دوایین دڵۆپی خوێنیان بەرگری لە کۆبانێ بکەن، ئەردوغان سەرۆکی دەوڵەتی تورکیە کە وەک هاوکارییەک بۆ چەتەکانی بە سەدان تانک و هەزاران سەرباز باکوری شارەکەی گەمارۆ دابوو، چەندین جار ڕایگەیاند کە کۆبانێ دەکەوێت.

بەرخۆدان و فیداییبوونی شەڕڤانانی کورد داستانێکی قارەمانانەی خولقاند کە شاری کۆبانێی وەک ستالینگرادی سەدە ناوزەد کرد.

له‌ کاتی به‌رخۆدانەکاندا عه‌بدوڵا ئۆجالان له‌ ڕێگای شاندی هه‌ده‌په‌وه‌ بانگی سه‌فه‌ربه‌ری کرد بۆ کۆبانێ، به‌م بانگەوازییە‌ به‌رخۆدانی کۆبانێ پێی نایه‌ قۆناغێکی نوێوه‌ و سەدان گەنجی خۆبەخش لە باکوری کوردستانەوە سنوورەکانیان شکاند و خۆیان گەیاندە ڕۆژئاوای کوردستان.

سەرئەنجام، لە ڕۆژی ٢٦ی ١ی ٢٠١٥ دا، پاش ١٣٤ ڕۆژ بەرخۆدانی بێوێنەی شەڕڤانانی ژن و پیاوی کورد و ژمارەیەکی زۆر لە خۆبەخشانی هەرچوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی بیانی، کە لەسەرتاسەری جیهانەوە پەیوەستی بەرخودانەکە ببوون، شاری کۆبانی لە دڕندەترین هێزی تاریکی سەردەم واتە چەتەکانی داعش، کە دەوڵەتی تورک و چەندین هێز و وڵاتی دیکە پشتیوانی بوون ڕزگارکرا و ئەوەش بەفەرمی لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل و بەرپرسانی کانتۆنی کۆبانیەوە ڕاگەیەندرا.

هێرشەکان بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان ئێستاش بەردەوامە و ئەو هێزەی پشتیوانیی لە چەتەکانی داعش کرد و نەیتوانی بگاتە ئامانجەکانی، ئەمجارە و لە ٩ی ئەم مانگە و لە ساڵڕۆژی دەستپێکردنی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی دژی عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ پاشماوەکانی داعش و گروپە چەتە و تیرۆریستەکانی دیکە هێرشێکی داگیرکەرانەی بۆسەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەلاتی سوریای دەستپێکرد، کە تا ئەم کاتژمێرەش بەردەوامە.

ئەمجارەش گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان دژی ئەو هێرشانە ڕژانە شەقامەکان و پشتیوانی خۆیان لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند، پشتیوانییەکان پەرەی سەندووە و ئەمجارەش ڕۆژی ٢ی نۆڤەمبەر وەک ڕۆژی جیهانی پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندراوە و بڕیارە لەو ڕۆژەدا ئازادیخوازان لە سەرتاسەری هەموو جیهان و کوردستان بێنە مەیدانەکان و دژی ئەو هێرشە دڕندانە و داگیرکەرانە پشتیوانی خۆیان لە ڕۆژئاوای کوردستان دەرببڕن.