ئاریەن

قەسەدە بیلانی ١٧هەمین رۆژی بەرخودانی ڕادەگەینێت

هێزەکانی سوریای دموکراتی ئەنجامی ١٧ هەمین ڕۆژی بەرخودانی پڕشکۆی رۆژاوای بڵاو کردوەوە. سەرچاوەکانی هەواڵیش جەخت دەکەنەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە بەردەوامە لە بنپێکردنی ئاگربەستەکە.

بەپێی زانیاریەکان ئاژانسی دەنگوباسی هاوار: سوپای داگیرکەری تورکیە و چەتەکانی لە ئێوارەی رابردوودا هەوڵیاندا بڕۆنە گوندی لیلان سەر بە سەرێکانی، شەڕڤانان وڵامی ئەو هەوڵیان دایەوە و لە ئەنجامی شەڕدا ٣ چەتە کوژران و ژمارەیەکیش بریندار بوون. شەوی پێشتریش لە ئەنجامی بومبارانی درۆنی سوپای داگیرکەری تورکیەدا سێ شەڕڤان بریندار بوون.

لە ئەنجامی هێرشەکانی داگیرکەراندا لە گوندەکانی ئەسەدیە، تل دیاب، مشرافە و بیرنۆح لە سەرێکانی شەڕی دژواری لە نێوان چەتەکان و شەڕڤانان ڕوویدا. لە گوندی مەناجیر هاووڵاتیەک بریندار بوو و گوازرایەوە نەخۆشخانە.

سەبارەت بە رەوشی گرێسپی راگەیندراوە: لە ئەنجامی وڵامدانەوەی شەڕڤانان دژی هێرشی چەتەکان بۆ گوندەکانی ناوچەی عەین‌عیسا ٥ چەتەی سەر بە تاقمە چەتەکانی داعش و جبهەتونوسرە کوژران، هەر وەها ئەو چەتانە لە نێوخۆیشیان تێکهەڵچوون و لە یەکیان داوە.

لە گوندی رجێمان لە باکووری عەینعیسا لە ئەنجامی هێرشی سوپای داگیرکەری تورکیەدا ٦ ئەندامی بنەماڵەیەک بریندار بوون.

چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە سیلۆی گەنمی شارۆچکەی سلۆک سەر بە گرێسپیان تاڵان کردووە و ١١ هەزار و چوارسەد تۆن گەنمی سیلۆکەیان لە تورکیە فرۆشتووە.

هێزەکانی سووریا دموکراتیک سەبارەت بە ئەنجامی شەڕ لە ٢٤ کاتژمێری رابردووی رایگەیاند: لە ئەنجامی بەرخودانی شەڕڤانان دژی چەتەکان ٥ ئوتومبێل و زرێپۆشێکی سوپای داگیرکەری تورکیە تێکشکێندرا، ٤٤ چەتە کوژران و هەروەها سێ شەڕڤانی قەسەدە گیانیان بەختکردووە.

لەلایەکی تر خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەستنیشانی کرد ئەوان لە سەرەتای شۆڕش هەتا ئێستا بۆ ئەوەی ئاڵۆزیەکانی سووریا چارەسەر بکرێت پێداگری لە سەر وتوێژی سووری-سووری دەکەن.

هەروەها ڕێکخراوەی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند تورکیە هەوڵدەدات پەنابەرانی سووری بە زۆرەملێی بگوازێنێتەوە بۆ هەرێمەکانی شەڕ و ژیانیان دەخاتە مەترسیەوە.