ئاریەن

هێزە ئەمنیەکان لە بەغداد کرانە ئامادەباشیەوە

ماویەیەکە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان چالاکان بانگەوازی بۆ ئەنجام دانی خۆپیشاندان لە شاری بەغداد و پارێزگاکانی تری باشوری عێراق دەکرێت.

بڕیارە سبیەنێ ، هەینی، لە پارێزگای بەغداد و پارێزگاکانی تری عێراق، خۆپیشاندانی ملیۆن کەسی لە دژی گەندەڵی، بێکاری و نەبونی خزمەتگوزاری دەست پێبکەنەوە.

لە ئەمڕۆوە بە بڕیاری کاربەدەستانی ئەمنی عێراق، لە بارەی ئەوڕەوشەوە هێزە ئەمنیەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادە باشییەوە.

وەزیری ناوخۆی عێراق ڕایگەیاندوە لە ٨ی ئەم شەوەوە دۆخی نائاسایی ڕادەگەیەنرێت و دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

لە بارەی ئەو خۆپیشاندانە ملیۆنیەوە، موقتەدا سەدر پێشتر بانگەوازی بۆ کردبوو، لە پەیامێکدا بە ١٥ خاڵ داوای لە خۆپیشاندەران کردوە گوڵ بە هێزە ئەمنیەکان بدەن و چەندێک دەتوانن ڕوداوەکان بە وێنە و ڤیدیۆ دێکۆمێنت بکەن.
هەروەها داوای لە خۆپیشاندەران کردوە هێمنی بپارێزن و دڵنیایی داوەتە خۆپیشاندەرانیش لە ئەگەری ڕوبەڕوبونەوەی هێزە ئەمنیەکان و دەستدرێژی کردنە سەریان ئەوا ڕەوتی سەدر وەڵامدانەوەی گونجاوی دەبێت.

لە پێشتریشدا موقتەدا سەدر لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای کردبوو کار بۆ بەرپا کردنی شۆرش و گۆڕینی دەسەڵات بکرێت.

هەر لەو چوارچێوەیدا، بەپێی زانیاریەکان، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، کەوتۆتە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادە باشی و بەشێک لە کارمەندەکانی بردۆتە دەرەوەی عێراق و باڵیۆزخانەکە باری لە ناکاوی ڕاگەیاندوە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا هەندێک زانیاری بڵاوکردۆتەوە لەوەوەی کە خۆپیشاندەران نیازی هێرشکردنە سەر ناوچەی سەوزی بەغدادیان هەیە کە بارەگا حکومیەکانی عێراق و باڵیۆزخانەی ئەمریکاو چەندین باڵیۆز و نوێنەری تری ووڵاتانی تێدایە.

ئەوەی جێی باسە لە سەرەتایی ئەم مانگەوە لە گۆڕەپانی تەحریرلە ناوەندی شاری بەغدا خۆپیشاندانی خەڵکی دژی بێکاری، نەبونی خزمەتگوزاری و گەندەڵی دەستی پێکرد و نزیکەی هەفتەیەکی خایاند، لەئاڵۆزیەکانی ئەو خۆپیشاندانەدا ١٥٧ کەس کوژراون کە لە هێزە ئەمنیەکانیان تێدایە و زیاتر ٣ هەزار و ٥٠٠ کەسیش برینداربوون . ئەوەشزانراوە زۆرینەی کوژراوەکان گولە بەر سەر و سنگیان کەوتوە.