ئاریەن

خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا: لێدوانی ترامپ ڕێگەخۆشکەرە بۆ پاکتاوی ئیتنیکی

خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە رێگای لێدوانێک جەخت دەکاتەوە سوپای داگیرکەری تورکیە وچەتەکانی ئاگربەستەکە پێشل دەکەن و سەبارەت بە لێدوانەکەی ترامپیش رایگەیاندووە کە ئەو هەڵوێستە ڕێگا بۆ پاکتاوی ئیتنیکی خۆش دەکات.

خۆبەڕێوەبەری دموکراتیکی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا سەبارەت بە دواهەمین ڕەوشی ناوچەکە ڕایدەگەینێت: لە ماوەی ئاگربەستی کاتیی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و لایەنی تورکی بە نێوەندگیریی ئەمریکا، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە و چەتەکانی لە هێرش دژی هێزەکانمان نەوەستاون.

لە بەرخودانی هێزەکانمان ٢٥ شەڕڤان شەهید بوون و ١٧ی دیکەش بریندار بوون.

وێڕای ئەوەش قیزەونترین پێشێلکاریی لەدژی هاوڵاتیانی سڤیل لە سەرێکانی ئەنجام داوە. تەنیا لە کاتی ئاگربەستدا ١٧ هاوڵاتی سڤیل شەهید بوون. لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی دژی سەرێکانی دەیان تەرم لەژێر ئاواردا ماونەتەوە. چەندین حاڵەتی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی جیهانی دەبینرێن. ژمارەیەک هاوڵاتی سڤیل لە ئەنجامی بەکارهێنانی چەکی قەدەغە کراوی فوسفۆر بە گرانی سووتاون.

خۆبەڕێوەبەری سەبارەت بە هەڵوێستی ئامریکا و چاوپۆشین لە پێشلکاریەکان رایدەگەینێت:
تەواوی ئەو پێشلکاری و تاوانانەی لە عەفرین ڕوویاندا ئیستاش بەردەوامن. بەڵام ئەمریکا بە ئاشکرا چاوپۆشیی لەو دۆخە دەکات، ئەوان بەرپرسی بەدواداچوونی پرۆسەی ئاگربەستن و هێزی نێوبژیوانی هەر دوولان.

خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا جەخت دەکاتەوە: ئێمە وەکو گەل و خۆبەڕێوەبەری، سەرسوڕمانی خۆمان لەو لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا دەردەبڕین کە دەڵێت ئاگربەستی کاتیی بە پابەندبوونی لایەنی تورکی سەرکەوتووە. ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە، تورکیا و چەتەکان بە هیچ شێوەیەک پابەند نین بەو ڕێککەوتنە و بەردەوام ئاگربەستەکە پێشل دەکەن.

خۆبەڕێوەبەری رایدەگەینێت لێدوانی ئەم دواییانەی ترامپ لەبارەی ئەوەی گوایە کورد لە شوێنە تازەکان نیشتەجێ کراون، ڕێگە لەبەردەم پاکتاوی ئیتنیکی خۆش دەکات کە ئامانجی سەرەکی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیەیە. ئەو هاوڵاتییانەی سەرێکانی و گرێسپی لە ماڵەکانیان ئاوارە بوون، پێویستە بە گرەنتییەکی نێودەوڵەتی بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان و ئەو ناوچەیە لەژێر چاودێری نێونەتەوەیی بێت. پێویستە ئەمریکا بەرپرسیاریەتیی تەواوەتی ئەو کارە بخاتە ئەستۆی خۆی. دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت گەلی کورد جینۆساید دەکات.

خۆبەڕێوەبەری بانگەوازی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ ئەوەی گوشار بخاتە سەر تورکیا. پێویستە هێزی تورکیە لەو ناوچانە پاشەکشە پێ بکات کە داگیری کردوون و هێزی نێونەتەوەیی بنێرێت بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی سڤیل. ئەو وڵاتەی چەکی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە دژی گەلەکەمان نابێت سەرپەرشتی ئەو ناوچەیە بکات.

لە کۆتایشدا خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا رایدەگەینێت پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە پەلە لێژنەیەک بۆ سەلماندنی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی و تاوانی پاکتاوی ئیتنیکی.