ئاریەن

ڕۆزەرین کەمانگەر: هێرش دژی ڕۆژاوا بۆ پاکتاوی گەلی کوردە

ئەندامی کۆمیتەی ژنۆلۆژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان رۆزەرین کەمانگەر بەشداری بەرنامەی ڕاوینی ئاریەن تیڤی بوو و ڕایگەیاند، هێرش دژی ڕۆژاوا بۆ پاکتاوی گەلی کوردە.

لە سەرەتای بەرنامەی راوین رۆزەرین کەمانگەر دەستنیشانی کرد: هێرشەکان لە دژی رۆژاوا بەردەوامی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی و بە مەبەستی پاکتاو کردنی گەلی کوردە. ئەو شەڕە کە لە رۆژاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت، لە دژی دموکراسی و هەموو گەلانی ئازادیخوازە. لە رۆژاوای کوردستان هەموو گەلان هاوشانی یەکدی، لە ئارامیدا دەژیان. بەڵام ئەوە لە دژی بەرژەووەندی دەوڵەتەکانە. دەوڵەتانی داگیرکەر یەکیەتی گەلان وەکوو مەترسیەکی مەزن لە دژی خۆیان دەبینن. ئەو هێرشە نە تەنیا لە دژی گەلی کوردە بەڵکوو لە دژی هەموو ئەو گەلانەیە کە لە ڕۆژاوا دەژین.

لە بەردەوامیدا کەمانگەر جەختی کردەوە هەموو گەلانی ئازادیخواز پڕۆژەی نەتەوەی دموکراتیکیان قەبووڵ کردووە. لە بەر ئەوەی کە دەزانن کە بۆ ئەوەی گەل لە نێو ئارامیدا بژی، گونجاوترین پڕۆژە ئەوەیە. شۆڕشی رژاوا شەڕێک لە پێناو مرۆڤایەتیدا بوو و لە هەموو جیهانەوە بەشداری ئەو شۆڕشە بوون. گەلی کورد ئەم جارە دەڵێت ئێمە نابینە قوربانی. ئێمە لە ئەنجامی خەباتماندا دەستکەوتمان هەیە و بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتنانە شەڕ دەکەین.

کەمانگەر لە بەردەوامیدا سەبارەت بە هەڵوێستی ئەو دەوڵەتانە کە تەنیا هێرشەکان شەرمەزار دەکەن وتی: ئەگەر لەو هەڵوێستەیان جدی بن، لە کردەوەیشدا هەنگاو هەڵدێنن. بەڵام لە بەر ئەوەی کە ئەو کەسەی فەرمانی ئەو هێرشەی داوە هەمان دەوڵەتانەن ، کارێکی وەها ناکەن.

کەمانگەر ئاماژەی کردە گرینگی یەکیەتی کوردان و وتی: لە مێژوودا هەر کات کوردان یەکگرتوو نەبوون، هێرشی دوژمنان زیاتر بووە. ئەگەر ئێمە کوردان هێزەکانمان یەکبخەین، ئەو کاتەی هیچ دەوڵەتێک پێمان ناوێرێت. گەلی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دوروشمی “رۆژاوا رۆژهەڵاتە کوردستان یەک وڵاتە”، نیشانیاندا کە ئەوان لە دژی داگیرکاری بە یەکدەنگ هەڵوێست دەگرن. ئەو هەڵوێستە سەلماندی کە گەلی ئیمە یەک جەستەیە.

ئەندامی کۆمیتەی ژنۆلۆژی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە بەردەوامیدا ئاماژەی کردە رۆڵی ژنان لە شۆڕشی رۆژاوا و وتی: ژنان لە هەموو بەشەکانی شۆڕشدا چالاکانە بەشدار بوون. ژن بۆ ئەوەی کە لە دەستکەوتەکانی خاوەنداری بکات، ئەمڕۆش بە هەموو هێزی خۆی لە بەرەکانی شەڕ بەرخودان دەکات.

رۆزەرین کەمانگەر لە درێژەی بەرنامەکەدا وتی: پێویستە رۆشنبیران و هونەرمەندانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی ئەو داگیرکاریە هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن.

کەمانگەر جەختی کردەوە ئێمە وەکوو کەژار ئامادەین لە دژی ئەو توندوتیژیە لە سەر ژنان و منداڵان تێبکۆشین تا ئەو فاشیزمە تێکبشکێنین.

لە کۆتایدا رۆزەرین کەمانگەر وێڕای رێزگرتن لە هەڵوێستی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وتی: دەنگی شەقام لە ئیلام هەتا کرماشان بۆ ئێمە گرینگ بوو. جارێکی تر ئەو گەلە یەکبوونی خۆی راگەیاند. پێویستە ئەو دەنگە بڵندتر ببێتەوە و رانەوستێت. ئێمە بەڕێزەوە دەڕوانینە هەڵوێستی عەشیرەی مەلەکشایی لە ئیلام.