ئاریەن

حدکا: هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا شەرمەزار دەکەین

حەمەنەزیف قادری جێگری دووەمی لێپسراوی گشتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕایدەگەیەنێت، تورکیا لە ڕۆژئاوا داگیرکاریی دەکات و ئەو هێرشانە شەرمەزار دەکەین. خەبات و بەرخۆدانی گەل لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرز دەنرخێنین. خۆڕاگری گەلی کورد لە ڕۆژئاوا دەچێتە لاپەرەکانی مێژوەوە و پێویستە هەموان پشتیوانی لێبکەین.

پەلامار و داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیە، بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، پێینایە پێنجەم ڕۆژەوە و جگە لە بەرخۆدانی شەڕڤانان تادێت بازنەی پشتیوانییەکان لە ڕۆژ ئاوا فراوانتر دەبێتەوە، لەو چوارچێوەیەدا حەمە نەزیف قادری، جێگری دووەمی لێپسراوی گشتی حزبی دیموکراتی کوردستان – ئێران حدکا، هەوڵیستی حیزبەکەی لەهەمبەر ئەو داگیرکاریە بۆ ڕۆژنیوز خستوەتە ڕوو.

سەرەتا قادری ڕایگەیاند: سیاسەتی ئێمە لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی سوپای تورکیا کە دەیکاتە سەر گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوون و ئاشکرایە، ئەو سیاسەتەی تورکیا داگیرکارییە، ئەو هێرشانە مەحکوم و شەرمەزار دەکەین وخەبات و بەرخۆدانی گەل لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرز دەنرخێنین و خەبات و خۆڕاگری گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەچێتە لاپەرەکانی مێژووە و خۆڕاگری کچان و کورانی کورد دەبێتە چیرۆکێک بۆ نەوەکانی داهاتوومان کە چۆن لە بەرامبەر دەوڵەتێکی داگیرکەر وەستانەوە.

هەروەها حەمە نەزیف قادری جێگری دووهەمی لێپرسراوی گشتی حێزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران وتی: پەیامی ئێمە پەیامی یەکگرتووییە لە نێوان هەموو حزب و ڕێکخراوەکانی کوردستان، دەبێ هەموومان بە یەک دەنگ داوا لە ڕای گشتی جیهان و نەتەوە یەکگرتووکان بکەین بەر بە هێرش و داگیرکاری تورکیا بگرێت کە چۆن گەلی کورد بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە کۆمەڵکوژ دەکرێن.

سەرکەوتنی هەر بەشێکی کوردستان کاریگەری لە سەر پارچەکانی دیکەی کوردستان هەیە، لێرەدا گرنگە هەموومان بە کۆدەنگی لە هەموو بەشەکانی کوردستان ئەو پیلانگێرییە دژ بە ڕۆژئاوا و گەلی کورد پوچەڵ بکەینەوە، لە بارچوونی ئەو دەستکەوتە کاریگەری لە سەر تەواوی گەلی کورد دروست دەکات.