ئاریەن

کەژار: تێکۆشانی ئێمە لە لایەن ژنانەوە بە گەرمی پێشوازی لێدەکرێت

کەژار لە لێدوانێکدا بنەماکانی توندوتیژی دژی ژنان لە کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئیرانی هەڵسەنگاند و جەختی کردەوە تێکۆشانیان لە لایەن ژنانەوە بە گەرمی پێشوازی لێدەکرێت.

لە سەرەتای لێدوانەکەیدا کەژار رایگەیاندوە: توندوتیژی لە گەڵ لە نێوچوونی ئەخلاق و سیاسەت لە کۆمەڵگادا پەیوەندی پتەوی هەیە.کۆمەڵگای ئێران ئەمڕۆکە لە خراپترین رەوشی خۆیدایە و هەبوونی لە مەترسیدایە. دەوڵەت-نەتەوە توندوتیژی و دژایەتی ژنانی لە کۆمەڵگا برەو پێداوە. لێکدانەوەی کێشەکانی ژنان کە توندوتیژی بەرچاوترینیە بۆ چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگا گرینگە. توندوتیژی دوو لایەنی فیزیکی و پێکهاتەیی هەیە. توندوتیژی پێکهاتەیی ناتوانێت بە بێ پشتیوانی دین سەرکەوێت وبەدرێژایی مێژوو زیهنیەتی پیاوسالاری بە کەڵکوەرگرتن لە شەریعەت و نەریتە کۆنەکان توندوتیژی رەوا کردووە. رۆژانە ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خۆیان دەکوژن. سەرچاوەی هەموو توندوتیژیەکان، هەڵاواردن دژی ژنانە و هەڵاواردنیش پێوانەی سەرەکی پیاوسالاریە. هەڵاواردن لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیەکان دژی ژنان بەڕێوەدەچێت.

کەژار لە بەردەوامیدا رایگەیاندوە: رژیمی سەرەڕۆی ئێران دەوڵەتێکی دەسەڵاتخوازە کە بە درێژایی مێژووی پێگەکانی دەسەڵاتی خۆی بە هەڵاواردن دژی ژنان قاییم کردووە. رژیمی ئێران توندوتیژی لە هەناوی خۆی پەرەوەردە کردووە و هەموو کات دژی ژنان و هەموو کۆمەڵگا بەکاری هێناوە. رژیمی ئێران بە بەکارهێنانی سونەت و شەریعەت توندوتیژی کردوتە دیاردەیەکی ئاسایی. رژیمی داگیرکەری ئێران تابۆکانی کۆمەڵگای خستوتە خزمەتی خۆی بۆ دژایەتی ژنان، بۆ ئەوەش کەڵک لە ژنان وەردەگرێت. بەسیجی ژنان و ژنانی ئەندام لە سپای پاسدارن نموونەی ئەو سیاسەتەن.

کەژار لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا بە ئاماژە کردن بە توندوتیژی دژی ژنان لە ژێر سایەی ئیدیۆلوژی شێعەگەرایی و وەلایەتی فەقیه ئەشکەنجە و دەستدرێژی سەر ژنان لە زیندانەکانی رژیم لە دەیەکانی ٦٠ و ٧٠ وەکوو نموونەی ئەو توندوتیژیانە بە بیرهێناوەتەوە.

کەژار جەخت دەکاتەوە: رژیمی داگیرکەری ئێران دواهەمین هەناسەکانی ژیانی خۆی هەڵدەمژێت لە بەر ئەوە لە هیچ جۆرە توندوتیژیەک دەستناپارێزێت.رەوشی ژنان لە زیندانەکانی ئێڤین، قەرچەک و قزڵحسار، هاوسەرگیری منداڵان، قەتڵی نامووسی و خۆکوژی ژنان، بەشێکن لە ئاڵۆزیەکانی کۆمەڵگا. شیرازەی سیاسی و ئەخلاقی کۆمەڵگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تێکدراوە. تاوانباری سەرەکی پەرەپێدانی زیهنیەتی پیاوسالاری لە ئێراندا خودی رژیمی داگیرکەری ئێرانە.

ئێمە وەکوو کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان کەژار، لە سەر ئیدیۆلۆژی کۆمەڵگای دموکراتیک-ئیکۆلۆژیک و بە بنەماگرتنی رزگاری ژن کە رێبەر ئاپۆ پێشڕەویەتی، خۆمان بەڕێکخستن کردووە و تێکۆشانی هاوبەش و بەرخودانمان کردوتە بناغەی چالاکیە رێکخراوەیەکانمان.
لەو چوارچێوەیەدا ئێمە وەک کەژار لە ٢٥ی ئاگوستی ساڵی ٢٠١٨ بۆ چارەسەری کێشەکانی ژنان کە توندوتیژی یەکێک لەو کێشانەیە، پڕۆژەیەکمان پێشکەشی هەموو ژنانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کرد. تێکۆشان دژی هاوسەرگیری منداڵان، ئەشکەنجە، دەستدرێژی و گۆڕینی یاسای بنەڕەتی ئێرانمان کردوتە بەرنامەی سەرەکی خۆمان. کەژار هەوڵدەدات بە بەربڵاو کردنەوەی تێکۆشان لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگادا هێرشێکی هەمەلایەنە دژی دەوڵەتی ئێران رێکبخات.لە هاوینی ئەمساڵیشدا بە راگەیاندنی کەمپینی لە دژی توندوتیژی یەکبگرین، تێبکۆشین و ئازاد بین تێکۆشانی خۆمان دژی توندوتیژی سەر ژنان رێکخست کە بە گەرموگوڕی لە لایەن ژنانەوە پێشوازی لێکراوە.

لە کۆتایدا کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان جەخت دەکاتەوە: بە دڵنیایەوەهەموو ئەمانە سەرەتای قۆناغێکی نوێی سەرکەوتنی تێکۆشانی ژنان لە داهاتوو دەبێت.