ئاریەن

کۆدار پشتیوانی خۆی بۆ ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی لوردەگان ڕاگەیاند

کۆمەڵگای دموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان-کۆدار سەبارەت بە ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی لوڕدەگان لێدوانێکی بڵاو کردەوە. کۆدار ڕایگەیاندوە: ناڕەزایەتی خەڵکی لوڕدەگان لەبەرامبەر کردەوەکانی ڕژیمی ئێران ڕەوایە.

کۆدار لە سەرەتای لێدوانەکەیدا ڕایگەیاندوە: لەمڕۆژانەدا کە گەندەڵی لە دامودەزگا حکوومەتیەکان گەیشتوتە لووتکە، گوشار دژی زیندانیانی سیاسی و مەدەنی پەرەی سەندووە و ناڕەزایەتی کرێکاران بەردەوامە، هەڵگیرسانی ناڕەزایەتی خەڵکی لوردەگان نیشانەی قەیرانێکی قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتیە.

ژمارەیەک خەڵکی لوردەگان بە هۆی کەمتەرخەمی کاربەدەستانی رژیمەوە تووشی ڤایرۆسی ئەیدز هاتوون. بەپێی زانیاری سەرچاوەخۆجەییەکان تووشبوونی ئەو کەسانە بە فیروسی ئەیدز لەو ناوچەیەدا کێشەیەکی کۆنەو ئێستا ئاشکرا بووە.ڕژیم کێشەی لە بەڕیوەبەڕی دا هەیە و ئەوەش دەبێتە هۆی خوڵقاندنی کارەساتی لەوجۆرە.

هەشت ساڵە خەڵکی ناوچەکە تووشی ئەو فیروسە بوون بەڵام کاربەدەستانی رژیم شاردویانەتەوە. ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی لوردەگان دژی کردەوەکانی رژیمی ئێران لەم هەفتەیەدا بەردەوام بوو. بەڵام لە رۆژی رابردوو بە هێرشی ناڕازیان بۆ فەرمانداری، نەخۆشخانەو دەفتەری ئیمامی جومعە گەیشتە لووتکە.

ئاشکرایە کاربەدەستانی ڕژیم هیچ جۆرە وڵامێکی دروست و پێویست بە خەڵکی ناوچەکە نادەنەوە. ناڕەزایەتیەکان چەندین ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە کە خودی ڕژیم سەرچاوەی ئەو کێشانەیە. ئەو قەیرانانە لێکەوتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە و هەر جۆرە ناڕەزایەتیەکی مەدەنی کۆمەڵانی خەڵک ڕەوایەتی هەیە.

ئێمە وەکوو کۆمەڵگای دموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆدار وێڕای شەرمەزار کردنی هەڵسوکەوتی پڕ لە توندوتیژی رژیم و هێزە ئەمنیەکان، ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی لوردەگان بە مافی بێ ئەم لاو ئەو لایان دەزانین و پشتیوانی خۆمانیان پێ ڕادەگەینین. ئاشکرایە شۆڕش و سەرهەڵدانی گەل تا گەیشتن بە هەموو مافەکانیان دەبێت بەردەوام بێت. پێویستە گەندەڵی و قەیرانەکان کە ئەنجامی سیاسەتە سەرکوتکاریەکانی رژیمی ئێرانە رێگری لێبکرێت و ئاسایشی گەلان مسۆگەر بێت.