ئاریەن

هەزران زیندانی گرتووخانەی ئورمیە دژی پیسی خۆراکەکیان ناڕەزایەتیان نیشاندا

هەزران زیندانی لە زیندانی ناوەندی رژیمی ئێران لە شاری ئورمیە دژی پیسبوونی خۆراکەکیان ناڕەزایەتیان نیشاندا.

بەپێی راپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆی کوردستان، رۆژی رابردوو لە زیندانی ناوەندی ئورمیە لە پاش دابەشکردنی ژەمە خۆراکی رۆژانە لە بەندی ژمارە ١٩ ژمارەیەک لە زیندانیەکان لە نێو خۆراکەکەدا قالۆنجەیان بینوەتەوە.

لە کاردانەوەدا نزیکەی ٥ هەزار زیندانی لە ناڕەزایەتی دژی پیسببونی خۆراکی ئەو زیندانە، ژەمە خواردنی خۆیان وەرنەگرتووە و داوای بەدواداچوونی کاربەدەستان سەبارەت بەو بابەتەیان کردووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە زاری سەرچاوەکانی خۆی لە زیندانی ئورمیە رایگەیاند: چەندین جۆر حەشەرە کە هەڵگری نەخۆشی مەترسیدارن لە هەموو بەندەکانی زیندان ئورمیە هەیە. هەتا ئێستا کاربەدەستانی رژیم هیچ وڵامێکیان سەبارەت بەو داخوازیەی زیندانیان نەبووە.