ئاریەن

فەرماندەی ئەفسانەیی یەپەژە ئارین میرکان

ئەمڕو ٥ی ئۆکتوبەر ساڵرۆژی گیانبەختکردنی فەرماندەی ئەفسانەیی یەپەژە ئارین مێرکانە کە جەستەی خۆی کرد بە مەشخەلی رووناکی ژیان، و کۆتایی بە تاریکی هەزار ساڵە هێنا.

لە کاتێک دا داگیرکەرانی کوردستان بە دەستی چەتەکانی داعش دەیانویست لە کۆبانێ، ئیرادەی ئازادی گەلی کورد تێکبشکێنن، سەرجەم شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە داستانی قارەمانییان تۆمار کرد و، ئارین میرکانیش فەرماندەی ئەفسانەیی یەپەژە، بوو بە ڕێبەری ئەو بەرخۆدانە شکۆدارەی کە لە کۆبانێ بەرێوە چوو.

لە رۆژی ٥ ئۆکتوبەری ٢٠١٤، فەرماندەی ئەفسانەیی یەپەژە ، دلارا گەنج خەمیس ناسراو بە ئارین میرکان، بە چالاکیەکی فیداییانەدا لە پێناو پاراستنی کۆبانێ و دەستکەوت و نرخەکانی گەلی کوردو مرۆڤایەتییدا، دژ بە هێرش و تاڵانی چه‌ته‌کانی داعش، بە گیانی خۆی ئەفسانەیەکی دیکەی نەمری لە سەرزەمینی میزۆپۆتامیادا تۆمار کرد.

قارەمانی گردی مشتەنووری کۆبانێ، ” ئارین میرکان”، بە چالاکییە فیداییانەکەی خۆی بۆ هەموو جیهانی سەلماند، لەو شوێنەی مرۆڤایەتی قەڵمبازی مەزن و شۆرشی شکۆداری نێئۆلۆتیکی بە خۆیەوە بینیوە، ژیانی ئازاد، خۆی بە تاڤگەی پەلکەی کچانی شەڕڤانی ” یەپەژە” دا هەڵواسیوەو، وا جارێکی دیکە لە ئاکامی لێگەرینی “ئارین میرکان”ەکانی کوردستان بە دوای واتای ژیان و حەقیقەت لەم ئاووخاکەدا، خەریکە هەڵدەستێتەوە سەر پێی و ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی دەبینێتەوە.

دایکی ئارین لە دوای چالاکییە فیداییانەکەی قسەی بۆ هەواڵنێری ئاژانسی هاوار کرد و ڕایکەیاند: شەهیدبونی ئارین بەرزترین پلەیە و داوا لە هەموو جەوانان دەکەم ڕێبازی فیداییبوونی بۆتان یڵماز، ئاڤێستا قەندیل، ڕۆستەم تۆڵهەڵدان و ئارین میرکان لەبیر نەکەن و، ئێمە بە شەهیدبونی ئارین سەربڵندین.

هەڤاڵانی ئارین ئێستا بۆ پاراستنی ناسنامە و ئیرادەی ژن، لە سەنگەرەکانی هەرە پێشەوەی تێکۆشان لە دژی دوژمنی ژنان واتا داعش هاوکارەکانی درێژە بە ڕێبازی ئەو دەدەن.

دلار گەنج خەمیس ناسراو بە ئارین میرکان، ساڵی ١٩٩٢ لە گووندی میرکانی ناوچەی مابەتا ی شاری عەفرین لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز و خاوەن هەڵوێست لە دایک بووە.

ئارین لە ساڵی ٢٠٠٧ دا بوو بە ئەندامی تەڤگەری ڕزگاری کوردستان.

لە سەرەتای دەستپێکردنی شۆرشی رۆژئاوای کوردستان، ئارین میرکان بەشداری شۆرش بوو و لە نێو ڕیزی یەکینەکانی پاراستنی ژن یەپەژە دا جێگای گرت و پارێزوانی لە خاکی وڵاتەکەی کرد تا رۆژی ٥ ئۆکتوبەری ٢٠١٤ لە چالاکیەکی فیداییدا لە گردی مشتەنوری کۆبانێ گیانی خوەی بەخت کرد.