ئاریەن

فەرماندەی گشتی قەسەدە: پیلانەکانی ئەردوغان لە خەیاڵیشیدا نایەتی دی

مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە گوتوبێژ لەگەڵ مەدیا هابەر دوایین رەوشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریای شیکردەوە. عەبدی دەڵێت، پیلانەکانی ئەردوغان لە خەیاڵیشیدا نایەتی دی.

لە گوتوبێژێکدا لە گەڵ تەلەڤیزیۆنی میدیا هابەر مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتی قەسەدە ڕایگەیاند: ئەردۆغان سەرۆک لە ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نیشانی دا دەیەوێت باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داگیر بکات. بۆ ئەوەش پیلانەکەی ئامادەیە و ئەوەشی بە ئاشکرا بە هەموو جیهان ڕاگەیاند. ئاشکرایە پیلانێکی گۆڕینی دیموگرافی و داگیرکەری هەیە.ئەو پیلانەی هەرگیز سەرناگرێت. ئێمە و گەلانی سوریا و هێزی نێودەوڵەتیەکانیش قبوڵیناکەین. گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەرفەت بەو پیلانە نادات. خاکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا خاوەنی هەیە. لە خەیاڵیشیاندا ناتوانن کە خەڵکی تر لەوێ نیشتەجێبکەن. شار و گوندیان بۆ دروست بکەن و زەوی کشتوکاڵایان بە سەردا بڵاوبکەنەوە. هیچ کاتێک ئەوەیان بۆ جێبجی نابێت.

لەبەردەوامی بەرنامەکەدا مەزڵووم عەبدی رایگەیاند: پەنابەران چ لە تورکیا و چ لە دەڤەرێکی تر دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر خاک و ماڵی خۆیان. لە چوارچێویەی میکانیزمی ئاسایشدا قبوڵمان کردووە ئەوانەی بە زۆر پەنابەر کراون، دەتوانن بگەڕێنەوە وپشتگیری لە گەڕانەوەیان دەکرێت. بەو مەرجەی ئەوانەی دەگەڕێنەوە،گەر لەدژی گەل تاوانیان ئەنجامدابێت، ڕووبەڕووی عەدالەت دەکرێنەوە.

مەزڵووم عەبدی تیشکی خستە سەر میکانیزمەکەو و وتی: میکانیزمی ئاسایشی سنور رێککەوتنێکە و لە نێوان ئەمریکا و تورکیا – ئەمریکا و قەسەدە دا ئیمزاکراوە. پێویستە میکانیزمەکە لە سێ قۆناغدا جێبەجێ بکرێت. تا ئێستا بێ کێشە بەردەوامە و وەک قەسەدە ئەرکی خۆمان جێبەجێ کردووە. خاڵەکانی ناو رێککەوتنەکە تا ئێستا جێبەجێکراون و باش بەڕێوە دەچێت.

لەکۆتایدا سەبارەت بە کۆمیتەی دەستووری بنەڕەتی مەزڵووم عەبدی وتی: نووسینەوەی دەستوور بەم شێوەیە هەڵەیەکی گەورەیە هەموو گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دەرەوەی کۆمیتەکە ماونەتەوە. یەک لەسەر سێی گەلانی سوریا بەشداریان لە کۆمیتەکەدا نەکردووە. وەها کۆمیتەیەک ناتوانێت لە کارەکانیدا سەرکەوتوو بێت. بە هۆی فشارەکانی دەوڵەتی تورکیەوە، ئەو کۆمیتەیە پێکهاتووە.ئەگەر پێکهاتە و نوێنەرانی ئەم هەرێمە بەشداری لە پڕۆسەی ئاشتی نەکرێن، ئێمە ئەنجامەکان بە هیچ شێوەیەک قبوڵناکەین و هەموو ئەنجامێک ڕەتدەکەینەوە. ئەگەر داوای چارەسەری دەکرێت، پێویستە نوێنەرانی ئەم هەرێمە بەشداری پڕۆسەکە بکرێن. پێویستە دەستووری بنەڕەتی بە پێی داواکاری گەلان ئامادە بکرێت.