ئاریەن

ئەندامی راگەیاندنی کەژار: تێکۆشانی ژنان زیهنیەت و ڕژیمی ئێران دەگۆڕێت

ئەندامی راگەیاندنی کەژار زەینەب نەرگز بۆتان لە بەرنامەی ڕاڤێنی ئاریەن تیڤیدا ئاماژەیدایە گوشارو زڵموزۆری رژیمی ئێران و رایگەیاند، گەل دەیەوێت بە ئیرادەی خۆی بژی و رژیمی داگیرکەری ئێران رووبەڕووی ناڕازیبوونی گەل دەبێتەوە.

ئەندامی راگەیاندنی کەژار زەینەب نەرگز بۆتان بەشداری بەرنامەی ڕاوینی ئاریەن تیڤی بوو و گوشارەکانی رژیمی ئێران لە دژی ژنان و هاوکات تێکۆشانی ژنان لە دژی ئەو رژیمەی هەڵسەنگاند.

زەینەب بۆتان وتی: زیهنیەتی رژیمی ئێران بۆ خۆی جنسیەت‌پەرەستە و لە هەموو شوێنێکی ژیان، تەنگی بە ژنان هەڵچنیوە. دامەزراوەکانی رژیمی ئێران نەک تەنیا قەیرانی ئابووری، بەڵکوو قەیرانی کۆمەڵایەتیش پەرەپێدەدەن و پێویستە قەیرانە کۆمەڵایەتیەکان باشتر لێکۆڵینەوەیان لێبکرێت.

زەینەب بۆتان ئاماژەی بە خۆکوشتنی سەحەر خودایار کە دژی سیاسەتی رژیم خۆی سووتانبوو کرد و وتی: ئەو کردەوەیە لە دژی زیهنیەتی رژیمی ئێران و زڵموزۆرداری ئەو رژیمە کرا. ئەوە نیشانی دا کە ژنان گیانی خۆیان فیدا دەکەن، بەڵام ناچنە ژێر سیاسەتەکانی رژیمەوە.

لە بەردەوامیدا ئەندامی راگەیاندنی کەژار جەختیکردەوە ئیدی ژنان چاوەڕوانییەکیان لە رژیم نەماوە. بەڵام پێویست بوو کە ژنان خاوەندارەتیان لە سەحەر خودایاری بکردایە و یەکیەتی خۆیان بەهێزتر بکردایت.

زەینەب بۆتان وتی: ئەگەر ژنان یەکیەتی خۆیان بنیات بنابایت و رێکخستنەکانی خۆیان بەهێز بکردایت، دەیانتوانی کاتێک پیاوان زڵم لە ژن دەکەن، چارەسەریەکی بۆ پەیدا بکەن.

کاتێک ژن بە تەنیا دەمێنێتەوە و هەموو رێگایەک لە بەردەمی دادەخرێت،هەر چەندە کە ئێمەش ئەوەمان قەبووڵ نەبێت، بەڵام رێگای کوشتنی زڵم دەگرێتە بەر.

زەینەب بۆتان ئەندامی راگەیاندنی کەژار تێکۆشانی ژنانی کورد لە رۆژاوای کوردستان بەبیرهێنایەوە و دەستنیشانی کرد ئەوەی کە رژیم و زیهنیەتی رژیم بگۆڕێت ژنان و تێکۆشانی ژنانە.