ئاریەن

ئاسیا عەبدوڵا: کارەکانی سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی کورد دەستپێکرد

یەکەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیی ژنانی کورد لە ئامەد و دووهەمین کۆنفرانس لە هەولێر بەڕێوەچوو، بڕیارە سێهەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیی ژنانی کورد لە رۆژاوای کوردستان بەڕێوەبچێت. بۆ ئامادەکاری ئەو کۆنفرانسە شاندێکی ژنانی رۆژاوا بە سەرۆکایەتی ئاسیا عەبدوڵڵا چوونە باشووری کوردستان و چەندین کۆبوونەوەیان بەڕێوەبرد.

سەبارەت بە سەردانی شاندی ژنانی رۆژاوای کوردستان بۆ باشووری کوردستان ئاسیە عەبدوڵڵا ئەندامی کونگرەی ستار و سەرۆکی شاندەکە وتی: ئامانجی سەرەکیمان ئەوەبوو کە کارەکانی سێیەمین کۆنفرانسی نەتەوەیی ژنانی کورد دەستپێکاتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ زۆربەی ڕێکخستنەکانی ژنان و نوێنەرانی ژنان لە پارتە سیاسییەکان کۆبووینەوە. بەگشتی کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون. بۆ ئەنجامی سێیەمین کۆنفرانسی نەتەوەیی ژنان فکرێکی هاوبەش هەیە. هەموو ئەو لایەنانەی لەگەڵیان کۆبووینەوە باوەڕیان وایە ئێستا کاتی ئەو کۆنفرانسەیە. لە کارگروپی نەتەوەیی ژناندا ٢٢ کەس دەستنیشان کرابوون کە نوێنەری هەموو پارچەکانی تێدایە. ئەوە کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو کە هەر لایەن و پارچەیەکی کوردستان بە ڕاپۆرتی خۆی بەشداریی تێدا کرد. بەپێی بڕیاری ئەو کۆبوونەوەیە، پێویستە ڕاپۆرتی هاوبەش لەسەر چواربەشی کوردستان پێشکەشی کۆنفرانسەکە بکرێت.

لە بەردەوامیدا ئاسیە عەبدوڵڵا وتی: بەهۆی دۆخی سیاسی ناوچەکە،لەوانەیە گۆڕانکاری لە ئەندامانی کۆمیتە بکرێت. کۆمیتە ٢٢ کەسیەکە کارەکانی ئامادەکاری کۆنفرانسەکە بەڕێوەدەبەن، هەروەها کاتی دەستپێکردنی کۆنفرانسەکەش لەلایەن ئەوانەوە دەستنیشان دەکرێت. پێویستە میکانیزمێک بۆ هەماهەنگی لە نێوان پارچەکانی کوردستان لە سەربابەتەکانی ژنان دابمەزرێت. بۆ ئەو ژنانەی کۆمەڵکوژییان بەسەردا تێپەڕێوە یان بە دیل کەوتوونەتە دەستی داعش، کاری هاوبەشی ژنانی کوردی پێویستە.

ئاسیا عەبدوڵا لە کۆتاییدا جەختی کردەوە بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی، ژنانی کورد ئەرکییان لەسەر شانە و هەروەها لە ئاستی نێودەوڵەتیش پێویستە خەبات و تێکۆشانی هاوبەش بکرێت. لە کوێ داگیرکاری یان هەڕەشەیەک هەبێت، زیانە گەورەکەی بەر ژنانی کورد دەکەوێت.