ئاریەن

نەتەوەیەکگرتووەکان: ٤٠ میلیۆن مرۆڤ لە دنیادا کۆیلەن

هەرچەندە وادێتە خەیاڵ مرۆڤ کە کۆیلایەتی دیاردەیەکی سەدەکانی رابردووە، بەڵام نەتەوەیەکگرتووەکان ئامارێکی میلیۆن کەسی لە کۆیلەکانی رۆژگاری ئێستەمان پێرادەگەینێت.

“ئوورمیلا بهوولا” چاودێری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە بابەتی کۆیلەداری رایگەیاند، لە ماوەی شەش ساڵ ئەرکی خۆم دەبێت بە خەمباریەوە رایبگەینم بۆ لە نێوبردنی کۆیلایەتی کارێکی ئەوتۆ نەکراوە.

بهوولا دەستنیشانی کرد بۆ ئەوەی کە تا ساڵی ٢٠٣٠ کۆیلەداری نەمێنێت، پێویستە رۆژانە دە هەزار کۆیلە ئازاد بکرێن.

لە راپۆرتەکەی ناوبراو بۆ کۆنسەی مافەکانی مرۆڤ لە ژێنێڤ رایگەیاند لە دنیادا ٤٠ میلیۆن کەس وەکوو کۆیلەن و ئەگەری هەیە ئەو ئامارە زیاتریش بێت.

بە گوێرەی ئەو راپۆرتە لە سەدا ٦٤ی کۆیلەکان لە جیهاندا خەڵەتێندراون و دواتر وەکوو کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، لە سەدا ٢٥ی کۆیلەکان منداڵن، لە سەدا ٩٨ی ئەو ژنانەی کە لە رەوشی کۆیلایەتی دەژین رووبەرووی توندوتیژی جنسی دەبنەوە.

زیاتر لە ٢٤ میلیۆن جەوانی وڵاتانی دواکەوتوو مەترسی ئەوەیان لە سەرە لە کاردا وەکوو کۆیلە مامەڵەیان لە گەڵدا بکرێت.

بهوولا داوای لە وڵاتانی ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکان کرد دەستبەجێ دژی کۆیلایەتی بکەونە جموجۆڵ.