ئاریەن

شاندی ژنانی ڕۆژئاوا سەردانی تەڤگەری ئازادی و ڕژاکیان کرد

شاندی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان لە بەردەوامی سەردانەکەیان بۆ باشوری کوردستان، لەگەڵ تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان و ڕێکخراوی ڕژاک لە سلێمانی کۆبونەوە و هەروەها لە هەولێر سەردانی ژنانی کۆمەڵی ئیسلامیان کرد.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، شاندی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان سەردانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستانیان کرد.

لە دوای کۆبونەوەکە، هەریەکە لە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی بێریڤان محەمەد و هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوبەری کانتۆنی عەفرین شیراز حەمۆ، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجام دا و هەردولا جەختیان لەسەر کاری هاوبەش و پێکەوەیی کردەوە و لەبارەی ئامانجی سەردانی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان کە تایبەتە بە ئەنجام دانی کۆنفرانسی ژنانی کورد تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاند پشتیوانی ئەوەین کە ژنان لە هەموو بەشەکانی تری کوردستان بێنە لای یەک و پشتگیری خۆشیان بۆ ئەنجام دانی ئەو کۆنفرانسە دەربڕی.

لەدوای ئەو سەردانە بۆلای تەڤگەری ئازادی، شاندی ژنانی ڕۆژئاوا، سەردانی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستانیان کرد و کۆبونەوەیەکیان بەڕێوەبرد.پاشان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش بۆهەریەکە، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ڕژاک، سۆما فەرهاد و سەرۆکی شەپۆلی ئایندەی کوردستان نارین مەتین، بەڕێوەچوو.

هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان و ئەنجام دانی کۆنفرانسی ژنان، هەوڵەکانیان دەخەنە گەڕو پشتیوانی یەکتر و هاوهەڵوێستنن بۆ ئەوەی ژنان زیاتر بە ڕۆڵی خۆیان هەستن لە کایەکانی کۆمەڵگادا.

لە لایەکیتر دوانیوەڕۆی دوێنێ، لە شاری هەولێر شاندی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕێکخراوی خوشکانی ئیسلامی کوردستان سەر بەکۆمەڵی ئیسلامیان بەسەرکردەوە و کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان بەڕێوەبرد.

لەوکۆبونەوەیەدا پرسی ژنان و ئەنجام دانی سێهەمین کۆنفرانسی ژنانی کوردستان تاوتوێ کرا.
بەرپرسی لقی هەولێری خوشکانی ئیسلامی کوردستان، ڕایگەیاند، رێکخراوەکەیان لەو کۆنفرانسەدا ئەندامە و بەهەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاوکاردەبن بۆ سەرخستنی.

ئەوەی جێی باسە شاندی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان لە باشوری کوردستاندا لەماوەی مانەوەیاندا لەگەڵ ژنانی نێوڕێکخراوەکان و لایەنە سیاسیەکان کۆبونەوە و دیدار ئەنجام دەدەن.