ئاریەن

ڕژێمی ئێران ژنێکی لە شاری سنە لە سێدارەدا

ڕژێمی ئێران بەردەوامە لە ئەنجام دانی سزای دژە مرۆیی سێدارە و لە کردەوەیەکی تردا ژنێکی لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە سێدارەدا.

بەپێێ سەرچاوەکانی هەواڵ، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، ژنێک بەناوی لەیلا زەرئەفشان، لە زیندانی ناوەندی شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە سێدارەدرا.

لەیلا زەرئەفشان، ٥ ساڵ پێش ئێستا بەتۆمەتی کوشتنی هاوژینەکەی دەستبەسەر کرا. ئەو ژنە لەلایەن دادگای ڕژێمی ئێرانەوە سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکرا.

هەوڵەکانی چالاکانی مافی مرۆڤ و بنەماڵەکەی بۆ ڕێگری کردن لەو سزایە سەرکەوتوو نەبوو. ئەوەی جێی باسە ڕێکخراوە جیهانیەکانی مافی مرۆڤ، چالاکان و پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ بەردەوام ناڕەزایەتی لە بەڕێوەچونی سزای لە سێدارەدان لە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەر دەبڕن. بەڵام ئەو ڕژێمە بەردەوامە لەو کردەوە دژە مرۆییە.

ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتیان و چالاکانی سیاسی ئەو سزایەیان بەسەدرا جێبەجێ دەکرێت.