ئاریەن

ئامریکا ناهێڵێت کاربەدەستانی رژیمی ئێران بچنە وڵاتەکەی

وڵاتانی ئوروپایی هەوڵی نێوبژیوانی و هێورکردنەوەی نێوان ئێران و ئامریکا دەدەن. ئامریکا هاتنی کاربەدەستانی رژیمی ئێران بۆ ئامریکا سنووردار دەکات و سپای پاسداران لە هەڕەشەکانی پاشگەز دەبێتەوە.

هایکۆ ماس وەزیر بەرگری ئەڵمانیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە پەراوێزی ٧٤ـەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک داوای لە حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران و دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا کرد کە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لە ناوچەی کەنداو، لە زووترین کاتدا گفتوگۆی ڕاستەوخۆ دەستپێبکەن.

وەزیری بەرگری ئاڵمانیا ڕایگەیاند: وڵاتەکەی ئامادەیە ڕۆڵێکی چالاک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بگیڕێت و رێگای دانوستانی ڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریکا خۆش بکات.

لە لایەکی تر دوناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ئامریکا لە فەرمانێکدا هاتنی کاربەدەستانی پلەباڵای رژیمی ئێران و کەسوکارە نزیکەکانیانی بۆ ئامریکا سنوردار کرد. ترامپ لە لێدوانێکدا رژیمی ئێرانی بە پاڵپشتی تیرۆریسم ناوبردووە. سەرۆک کۆماری ئامریکا هاتنی کاربەدەستانی باڵای رژیمی ئێران وکەسوکارەکانیان بۆ ئامریکا لە دژی بەرژەوەندیەکانی ئامریکا زانیوە. وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا و وەزارەتی ئاسایشی نێوخۆی ئامریکا بەرپرسی بەدەواداچوون بۆ ئەو بابەتەن. ئەم یاسایە ئەو کەسانەی کە ئێستا هاووڵاتی ئامریکان یا ئەو کەسانەی داواکاری پەنابەریان وەرگیراوە، ناگرێتەوە.

لەلایەکی تر حەسەن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران لە پاشەکشێکی ئاشکرادا لە هەڕەشەکانی پێشووی رژیمی ئێران وتی نیازی گێرەشوێنی لە ناوچەکەیان نیە. ناوبراو وێڕای دانپێدان بەوەی کە رژیمی ئێران مەترسیەکە لە ناوچەکە وتی: توانای دوروستکردنی مەترسیمان هەیە، بەڵام دەستی لێدەپارێزین.

ئەمە لە کاتێکدا سەرۆک کۆماری رژیمی ئێران لە وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گشتی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان قسەکانی رابردووی دووپات کردەوە. ناوبراو کە لەو تریبوونە جیهانیە هیچ شتێکی نوێ بۆ وتن نەبوو جارێکیتر رایگەیاند وڵاتەکەی ئامادە نیە لە کاتێکدا لە ژێر گوشاری گەمارۆکاندایە دەست بە وتوێژ لە گەڵ ئامریکا بکات.

پەرەسەندنی گوشارەکانی ئامریکا دژی رژیمی ئێران، هەوڵدانی رژیم بۆ گێرەشوێنی و نانەوەی ئاژەوە لە ناوچەکە و هەروەها خەمساردی وڵاتانی ئورووپایی لە سەر کێشەکانی ئێران، داهاتووی گەلانی ناوچەکەی خستوتە مەترسیەکی جدیەوە. ئاشکرایە ئەوەی ژیانێکی دموکراتیک و ئازاد بۆ گەلان مسۆگەر دەکات تێکۆشانی خۆیانە بۆ خاوەندارەتی کردن لە ئێستا و داهاتوویان.