ئاریەن

کچێکی ١٠ ساڵان لە دزفوول مارەبڕا


ئامارەکانی هاوسەرگیری لە ئێراندا باس لە پەرەسەندی هاوسەرگیری منداڵان دەکەن. سەبارەت بە دیاردەی هاوسەرگیری منداڵان لە م ڕاپۆرتە دا چەندین خاڵی شاراوە و ترسناکی ئەو دیاردەیە دەخەینە ڕوو.

توندوتیژی دژی ژنان لە کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەند رەهەندی هەیە، سونەت کردنی کچان، هەڵاواردن لە نێوان ژنان و پیاوان، هاوسەرگیری زۆرملێ بەشێک لەو توندوتیژیانەیە کە ژنان لەو ناوچەیەدا رۆژانە رووبەڕووی دەبنەوە. بەڵام دیاردەی هاوسەرگیری منداڵان بە شێوەیەکی جدی داهاتووی کۆمەڵگا دەخاتە مەترسیەوە.

لەو بارەیەوەی ئاژانسی هەواڵی هەرانا رایگەیاند منداڵێکی تەمەن دەساڵان لە شارۆچکەی سیامەنسوور لە هەرێمی ئەهواز بۆ کەسێک لە عەشیرەکەی خۆیان مارە بڕاوە. شارۆچکەی سیامەنسوور سەر بە شاری دزفوول لە پارێزگای ئەهوازە. ئاژانسی هەرانا لە زاری کەسێکی نزیک لەو منداڵە رایگەیاندووە ناو منداڵەکە فاتمەیە و پێشتر لە پۆلی سێهەمی سەرەتایی لە خوێندنگایەی عەشایرەکان خەریکی دەرس خوێندن بووە. فاتمە بە شێوەی سونەتی بۆ خزمێکی هاوعەشیرەی خۆی مارەبڕاوە. کەسێک کە فاتمەیان بۆی مارە بڕیوە ٨ ساڵ لەو گەورەترە.

بەپێی ئامارەکانی رژیمی ئێران ساڵانە ٥٠٠ تا ٦٠٠ هەزار منداڵ لە ئێراندا هاوسەرگیری دەکەن. ئەمە ئاماری ئەو هاوسەرگیریانەیە کە بە شێوەی فەرمی لە دەفتەرەکانی زەواج و تەڵاق تۆمار دەکرێت. بەڵام ژمارەیەکی نادیاریش هاوسەرگیری منداڵان بە شێوەی نافەرمی هەیە.

لە بەرفرانباری ساڵی رابردوو کۆمیسیۆنی حقۆقی مەجلسی رژیم رەدی کردەوە کە هاوسەرگیری منداڵان قەدەغە بکات.

پەرەسەندی هاوسەرگیری منداڵان لەمساڵانەی دواییدا لە ئێران داهاتووی کۆمەڵگا و سەلامەتی بنەماڵەکانی خستوتە مەترسیەیەکی جدیەوە. ئاماری هاوسەرگیری منداڵانان بەربڵاوی ئەو دیاردەیە دەردەخات.

رژیمی ئێران بە رێگای یاساوە رەوایەتی بە هاوسەرگیری منداڵان داوە. هاوسەرگیری پێشوەختی منداڵان شەپۆلێکیش لە تەڵاقی منداڵان بە دوای خۆیەوە دێنێت.منداڵیک کە لە تەمەنێکی کەمدا ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە رووبەڕووی چەندین مەترسی جەستەیی و رۆحی دەبێتەوە.

بەپێی ئامارەکان زیاتر لە ٩٥ هەزار تەڵاقی ژنانی تەمەن کەمتر لە ١٩ ساڵ لە ساڵەکانی ٩٠ تا ٩٤ تۆمار کراوە کە ٥ هەزار و ٧٦٠ تەڵاق هی ئەو هاوسەرگیریانەیە کە لە تەمەنی کەمتر لە ١٥ ساڵ پێکهێندراون.