ئاریەن

هاوسەرۆکی کۆدار: هێزەکانی رۆژهەڵات دەستپێشخەری کۆنگرەی نەتەوەین

هاوسەرۆکی کۆدار فواد بێریتان لە بابەتێکدا لە سایتی فەرمی کۆدار جێگە و پێگەی کوردان لە ناوچەکە و گرینگی هێز و لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پێکهێنانی یەکیەتی نەتەوەیی شرۆڤە کرد. فواد بێریتان جەختی کردوتەوە: هێز و لایە‌نەکانی رۆژهەڵات هەوێنی رێکخستنی یەکێتی نه‌ته‌وه‌یى و دەست پێشخەرین بۆ به‌ستنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یى. ئەو وتارەی هاوسەرۆکی کۆدار لە بەرنامەی ئەمشەوی راڤە بە بەرفراوانیەوە پێشکەشتان دەکرێت.

لە سەرەتای بابەتەکەیدا فواد بێریتان نووسیویە: لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە پێ ئاڵوگۆڕە خێراکان، هیچ هێز و لایەنێک ناتوانێ وەک رابردوو سیاسەت بکات. چون گۆڕانکاریەکان گرتنەبەری سیاسەتی دێموکراتیک بە سەر هەر کەس و لایەنێک فەرز دەکات. ئەو ڕاستیە دەرەنجامی ئەو شەڕە قووڵەیە کە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوینی تەنیوە.له‌م قۆناخه‌دا هەر کەس و لایەنێک دەیەوێت کوردان، پەلکێشی سیاسەت و پیلانەکانی خۆی بکات و هاوسەنگیەکان بە پێ بەرژەوەندی خۆی بگۆڕێ. هۆکاری بنەڕەتی سەرجەم هێرش و پەلامارەکانی سەر کوردان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی که هێزی کورد، ئاکتەرێکی سەرەکی و دیاریکەری ئەنجامی ئەم شەڕیە. هێزی گەلی کورد خۆی بداتە پاڵ کام هێز و لایەن، ئەو لایەنه قازانج و سەرکەوتن گەرەنتی دەکات و لایەنی تر لاواز دەبێت و شکست دەخوات. کوردی ئازاد هەرگیز، داگیرکەرێک بە باشتر لە داگیرکەرێکی تر پێناسە ناکات و هەڵنابژێرێت. بۆیە گرینگە کە کورد خاوه‌ن سیاسه‌تێکی سەربەخۆ و ئیراده‌یەکی ئازاد‌ بێت.

هاوسەرۆکی کۆدار دەستنیشانی کرد: لەم هەلومەرجەدا پێویستە کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشخستنی هێڵی پاراستنی ڕەوا بە بنەما بگرن.لە رۆژهەڵاتی کوردستان، گەلی کورد بە تێکۆشان و بە ڕێکخستن کردنی خۆیان، رژیمی داگیرکەری ئێران ناچار دەکەن تا چارەسەری کێشەی کورد و گه‌لانی تری ئێران قبووڵ بکات و هەنگاوی سیاسی و دێموکراتیک بۆ چارەسەری کێشەکان هەڵبگرێت. پارادایمی نوێ کوردان پێشخستن و په‌رەپێدانی زهنییه‌تی نه‌ته‌وه‌ی دێموکراتیک و پێشخستنی مۆدێلی سیاسی خۆبەڕێوه‌به‌ری دێموکراتیکه.

لە بەردەوامی بابەتەکەی فواد بێریتاندا هاتووە: ڕەوشی هەنووکەیی هەم بۆ کوردان و هەم بۆ رژێم مەترسیدارە. بۆیە پێویستە رژێمی ئێران ڕووپەلێکی تازە بۆچارەسەری پرسی کورد بکاتەوە و هەنگاوی کرداری هەڵبگرێت. چون گەلی کورد لەم هەلومەرجە هەستیارەدا، پەیوەندی خۆی لەگەڵ سەرجەم گەلانی ئێران چڕتر و تۆختر دەکەن و تێکۆشانی هاوبەش و جدیتر بەرەو پێش دەبەن. ئێمه دەمانهەوێ ئاستى په‌یوه‌ندییه‌کانمان‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایە‌نه‌ سیاسییه‌کان پتەوتر و بەهێزتر بکەین. پێویسته ئێمه له رۆژهەڵاتی کوردستان کولتوری‌ ره‌خنه‌ و ره‌خنه‌دان پێش بخەین. رەخنه گرتن له یەکتر بە واتای نکۆلی کردنی یەکدی نییە، پێویسته‌ ره‌خنه‌و ره‌خنه‌دایین له‌نێوان پارته‌کاندا هه‌بێت، چونکه‌ ئەو کولتووورە دەبێتە هۆی پێشخستنی کۆمەڵگا.

لە کۆتاییدا هاوسەرۆکی کۆدار فواد بێریتان نووسیویە: ئێستاکه ده‌رفه‌تێکى مێژوویى و زێڕین بۆ گەلی کورد رەخساوە‌. پێویسته له‌و ده‌رفه‌ته‌ مێژووییەدا،‌ هەم بۆ خۆمان و هەم گه‌لانى ناوچه‌که‌ و مرۆڤایه‌تیش کەڵک وەربگرین. نابێت ناکۆکیەکان ببنە بەربەست‌ و لەمپەڕ لەبەردەم نه‌به‌ستنى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یی. چون کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى، ناکۆکى و گرژی نێوان حیزبه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌کات. پێویستی هەنووکەیی سەر کوردان فەرز دەکات کە تا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ مێژووییە له‌ده‌ستیان نه‌چووه، یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى نێو ماڵی کورد درووست بکەن. بۆ بە دیهێنانی ئەم ئاواتە مەزنە، هێز و تواناى گه‌وره‌مان له‌به‌رده‌سته‌، چون هیچ ناکۆکییه‌کى حیزبى ناتوانێت بەربەست لەبەردەم بەستنی کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى درووست بکات. بۆیە هێز و لایە‌نه رۆژهەڵاتیە‌کان لەم قۆناخە مێژووییەدا ده‌توانن ببنە هەوێنی، ساز بوونی یەکێتی نه‌ته‌وه‌یى و دەستپێشخەرن بۆ به‌ستنی کۆنگره‌ی ‌ نه‌ته‌وه‌یى.