ئاریەن

نەتەوەیەکگرتوەکان: ڕۆژانە دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات

کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوەی سوریای سەر بەنەتەوەیەکگرتوەکان، لە بارەی ڕەوشی عەفرین و داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتە هاوپەیمانەکانی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد ڕۆژانە لەو هەرێمە داگیرکراوانەدا تاوانی جەنگ ئەنجام دەدرێت.

کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوەی سوریا لە نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ٤٢ەمین دانیشتنی کۆنسەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان ڕاپۆرتێکی ئامادە کردوە لە بارەی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤەوە.

لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەدا لە سەر هەرێمی عەفرین و ناوچە داگیرکراوەکانی تری باکوری سوریا، ئاماژە بەوەدەکات، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێت.

هەروەها ئەوەش خراوەتە ڕوو لەدوای داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتە هاوپەیمانەکانییەوە کێشەی ئاسایش و ئارامی سەری هەڵداوە و ئەشکەنجە و دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی کورد و دەستبەسەردا گرتنی زەوی و زارەکانیان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانەوە بەردەوامە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوە: چارەنوسی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی کە ڕفێنراون نادیارە و بۆئازاد کردنی هاوڵاتیانی ڕفێنراو چەتەکان داوای بڕە پارەیەکی زۆردەکەن، هاوکات کۆچپێکردنی خەڵکی لەو هەرێمانە بەردەوامە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش باسکراوە، ئەو هاوڵاتیانەی گەڕاونەتەوە بۆ عەفرین دەستبەسەر موڵکوماڵیان دا گیراوە و بۆیان نەگەڕێنراوەتەوە، خەڵکی ناچار کراوە بۆ وەرگرتنەوەیان پارەیەکی زۆر بەچەتەکان بدا و دەستیش بەسەر دارزەیتونەکانی عەفرین دا گیراوە و باج و سەرانە لە باخدارەکان وەردەگیرێت.

ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە میراتی کلتور و مێژوو لەلایەن گروپە چەتە جیاوازەکانی دەوڵەتی تورکیا بەتاڵاندەبرێت.

پێشێلکاری مافەکانی ژنان دەکرێت و بەزۆر هەوڵی حیجابکردنی ژنان و کچان دەدەرێت و بێڕێزیان بەرامبەر دەکرێت.

بەرپرسانی تورکیا لەبەرامبەر کردەوەکانی چەتەکان بێدەنگن و ناوەندە ئیداری و دادگاکان لە ژێر کۆنترۆڵی تورکیادایە و دادوەرانی ئەودادگایانە لەلایەن تورکیاوە دانراون و کوردەکان دوردەخرێنەوە و عەرەب لەجێیان دادەنرێت.

لەکۆتایی ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەی سوریا لە نەوەتەیەکگرتوەکاندا هاتوە: ئەو ڕوداوانەی عەفرین بەشێکن لەتاوانەکانی جەنگ و ڕفاندن، ئەشکەنجەو دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کەهێشتا تاوانەکانی شەڕ بەردەوامە.