ئاریەن

قەرەیلان: پیلانی داگیرکەران لە خواکورک تێکچووە

موراد قەرەیلان ئەندامی کومیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە و فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل نەپەگە بەشداری بەرنامەی تایبەتی رادیۆ دەنگی وڵات بوو و دوایین رەوشی شەڕ لە ناوچەکەی شرۆڤە کرد.

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل موراد قەریلان لە وتوێژی لە گەڵ رادیۆ دەنگی وڵات رایگەیاند:
تێکۆشانی ئازادی کوردستان لە قۆناغێکی گرینگدایە. رووداوکانی ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو رۆلێکی گرینگیان لە داهاتووی گەل، تەڤگەرەکەمان و ڕێبەرئاپۆدا دەبێت.

قەرەیلان سەبارەت بە گوشارەکانی سەر کوردان وتی: بە بەکارهێنانی ناوی پەکەکە بەنیازن هەموو دەسکەوتەکانی گەلی کورد بکەنە ئامانج، بۆ نموونە رێکخراوەی رێگەپێدراو لە ئەورووپا و تورکیا، هەدەپە، لایەنە دیموکراتیکەکانی لایەنگری چارەسەری پرسی کورد، شۆڕشگێرانی ڕۆژئاوا، بەرخودێرانی کۆمەڵگەی ئێزدی لە شەنگال، وەک پەکەکە نیشان دەدەن و دەیانکەنە ئامانج.

لەوبارەیەوە موراد قەرەیلان جەختی کردەوە: پەکەکە جیاوازە و رێکخستنی بەو شێوەیەش جیاوازە. هیچ پەیوەندییەکی هەدەپە وپەکەکە پێکەوە نییە. تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد و تێکۆشانی دیموکراتیکی گەلی تورکیە یەکیانگرتووە، ژمارەیەکی زۆر ڕێکخراو، پارت و کەسایەتی کۆبوونەتەوە و کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان -هەدەکە-یان دامەزراند. هەدەپەش وەک بەرهەمێکی ئەو کۆنگرەیەیە. هەموو ئەو هەوڵانەی کە دەیانەویت هەدەپە وەک پەکەکە نیشان بدەن چەواشەکارییە.

سەبارەت بە پڕۆپاگاندەکان دژی پەکەکە فەرماندەی نەپەگە وتی: ئەو کەسانەی کە بەشداری ناوڕیزەکانی ئێمە دەبن بە ئیرادەیەکی ئازاد بەشداردەبن. دەوڵەتی پیلانگێڕی تورکیە دەڵێت ئەوانە رفێندراون ئەمە وتەی زمانی شەڕی تایبەتە. ئێمە تەڤگەرێکی ئایدۆلۆژیکین کە بەشداربوون بە داواکاری کەسەکان ئەنجام دەدرێت.

موراد قەرەیلان وەها درێژەی بە قسەکانیدا: گەلەکەمان فێری رێگا و ڕێبازی تێکۆشان بووە و بە پەرسپەکتیفی ڕێبەر ئاپۆ، بووەتە خاوەنی فەلسەفە، بیرەوەری و ناسنامەی خۆی. ئەم گەلە ئێدی ناترسێت. هێرشەکانی سوپای داگیرکەر لە خواکورک تێکچووە.گەریلا هەموو ڕۆژێک لە پشت و پێشەوە و دەوروبەریان چالاکی دەکات. لە هەندێک بەرزایی هەن و فڕۆکەی کەشفیش بەسەر سەریانەوەیە. گەریلاش هەموو کاتێک لە دەورووبەریانن. بەحساب ئێمەشیان ئەپێچایەوە و تا قەندیل دەڕۆیشتن!!!

کاتێک لە خواکورک نەیانتوانی پێشبکەون، ڕوویان لە حەفتانین کرد. لە حەفتانین پێشرەویان کرد. بەڵام گەریلاکان لە دووەم ڕۆژدا تێکیانشکاندن و گورزی گرانیان لێدان، لەرزین و گێژبوون. سوپای تورکیا هیچ کاتێک ئەو گورزەی کە ٢٥ ئاگوست لە گردی پارتیزان بەریکەوت لەبیرناکات. لەو ڕۆژەوە یەک مەتریش پێشڕەویان نەکردووە. ڕۆژێک پێشتر کیلۆمەترێک پێشڕەویان کردبوو، کاتێک هێزەکانمان گورزێکی گەورەیان لێدان، پاشەکشێیان کرد و تا ئێستاش لەو شوێنەن و ناتوانن بێنەپێشەوە.

سەبارەت بە شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورکیە موراد قەریلان وتی: ئۆپەراسیۆنە شکستخواردووەکانیان لە میدیاکاندا وەک ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتن لەقەڵەمدەدەن. دەیانەوێت خۆیان بەهێز نیشانبدەن. لەوانەیە لەناو کوردانیشدا هەندێک کەس بروایان پێبکات و هەڵخەلەتێن. ئەو پڕۆپاگاندانە ڕاست نین. لەنێوان ئێمە و دەوڵەتی تورکیادا شەڕێکی گەورە هەیە و گەریلا وڵامی هەموو هێرشێکیان دەداتەوە.

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەلی موراد قەرەیلان لە کۆتایدا جەختی کردەوە: ئێمە دەزانین چی بکەین و چی نەکەین. دوژمنی داگیرکەر کە لە هەموو ناوچەیەکی کوردستان تێکشکاوە، لە ناو دەچێت و سەرفرازی بۆ گەریلاکانی ئازادی کوردستان و گەلی کوردە.