ئاریەن

ئێران، دابەشکردنی مادەی هۆشبەر لە دەرمانخانەکاندا کاردانەوەی لێکەوتەوە

چالاکانی مەدەنی سەبارەت بە پڕۆژەی رژیمی ئێران بۆ دابەشکردنی دەرمانی موخەدر و مێتادۆن لە ڕێگەی دەرمانخانەکانەوە هوشداری دەدەن.

پڕۆژەی دابەشکردنی دەرمانی موخەدێر لە ڕێگای دەرمانخانەکانەوە بە پێشنیاری وەزارەتی بێهداشتی رژیم دەستی پێکردووە، بەپێی ئەو پڕۆژەیە مێتادۆن و دەرمانە موخەدێرەکان لە بەستەیەکدا لە هەندێ دارووخانەی تایبەت بڵاو دەکرێنەوە.

مێتادۆن جۆرێک مادەی هۆشبەری دەستکردە کە بۆ دەرمانی تووشبوون بە هێڕویین و تریاک بەکاردێت.

موجتەبا غاڵبی سەرۆکی ڕێکخراوەیەکی بەرنگار بوونەوەی مادە هۆشبەرەکان رایگەیان: دەبێت خزمەتگوزاریە دەرمانی و سایکۆلۆژیەکان پێکەوە رادەستی تووشبووانی مادە هۆشبەرەکان بکرێت، ئەگرنا هەم یاسا نێودەوڵەتیەکان و هەم یاسا نێوخۆیەکان پێشل دەکرێن، و دەبێتە هۆی پەرەسەندنی کێشە کۆمەڵایەتیەکان.

ناوبراو جەختی کردوتەوە کە کورتکردنەوەی پڕۆسەی دەرمانی تووشبوانی مادە هۆشبەرەکان بە وەرگرتنی مێتادۆن دەتوانێت ببێتە هۆی وەگەڕ کەوتنی شەپۆلی ئێعتیاد (تووشبون) لە وڵاتدا.

لەلایەکی تر کاربەدەستانی رژیم لە پارێزگای خوراسانی باکووری رایانگەیاندووە هەندێک لە دایک وباوکان بۆ گوازتنەوەی مادەی هۆشبەر منداڵەکانیان بەکار دێنن.