ئاریەن

ئامریکا گەمارۆی نوێ بە سەر رژیمی تاران سەپاند

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا چەند مۆرەی سەربە رژیمی ئێران کە لە تورکیە چالاک بوون خستە لیستی گەمارۆکانیەوە. رژیمی ئێرانیش چەند هاووڵاتی بەریتانیایی دەستبەسەر کردووە.

وەزیری خەزانەداری ئامریکا منوچین رۆژی رابردوو گەمارۆی نوێ لە دژی ڕژیمی ئێران و هەندێک گرووپێ گوێڕایەڵی ئەو ڕژیمە راگەیاند. ئەو گەمارۆیانە ١٥ کەس و دامەزراوەی نزیک لە حەماس، ئەلقاعدە و سپای پاسداران دەکاتە ئامانج. وەزارەتی خەزانەداری ئامریکا بانگەشەی کرد کە بۆ وشکردنی سەرچاوە دارایەکانی تیرۆریستان و لە چوارچێوەی پڕۆژەی نووژن کردنەوەی گەمارۆکان چەندین مۆرەی رژیمی ئێران خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە.

موحەمەد سەعید ئیزەدی بەرپرسی کاروباری فەلستین لە سپای قودس یەکێکە لەو کەسانەی کە گەمارۆی خراوەتە سەر.

زاهێر جەبارین بەڕێوەبەری ماڵی حەماس لە تورکیە یەکێکترە لە گەمارۆداروەکان، ناوبراو تۆڕێکی ماڵی بۆ سپی کردنەوەی پارە لە تورکیە رێکخستوە و تۆمەتبارە بە جێبەجێ کردنی پارە بۆ حەماس. چەندین کەس و رێکخراوەی ماڵی تر لە تورکیە کە سەر بە سپای پاسداران و رژیمی ئێران و هەروەها حەماس و ئەلقاعێدەن و لە تورکیە چالاکان گەرمارۆ دراون.

ئەم گەمارۆیانە چەند کاتژمێر دوای لە کارلادانی جان بۆڵتۆن راوێژکاری ئەمنیەتی کۆشکی سپی راگەیندرا. ناوبراو بەوە ناسراو بوو کە هەڵوێستی توندی دژ بە رژیمی تاران هەیە.

مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا جەختی کردەوە لە سەرکار لادانی بۆڵتۆن بە مانای گۆڕینی سیاسەتەکانی واشینگتۆن لە بەرامبەر تاران نییە.

لەلایەکی تر دۆمنیک راب وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دژی رەوانە کردنی کەشتی ئادریان دەریا یەک بۆ سووریە هەڵوێستی گرتووە. ناوبراو حەمید بەعیدی نەژاد بالیۆزی رژیمی ئێران لە لەندەنی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بانگهێشت کردوە.

بە وتەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رژیمی ئێران بەڵێنی بە حکوومەتی جەبەلوتاریق دابوو کە کەشتی نەوتبەری ئادریان دەریا یەک نەوت بۆ ئەو وڵاتانەی یەکیەتی ئوروپا گەمارۆیانی داوە نابات. بەڵام ئێستا نەوتی گەیاندوتە رژیمی ئەسەد لە سووریە.

نزیک مانگێک پێش ئێستا جەبەلوتاریق دەستی بە سەر کەشتیەکی نەوتبەری ئێراندا گرت کە زیاتر لە دوو میلیۆن بوشکە نەوتی هەڵگرتبوو.

هەر لە چوار چێوەی شەڕەنگێزیەکانی رژیمی ئێران و لە پەیوەندی لە گەڵ بەریتانیا ئەمڕۆ رۆژنامەی بەریتانیایی تایمز ئاشکرای کرد کە دوو ژنی بەریتانیایی ئوسترالیایی و پیاوێکی ئوسترالیای لە ئێران دەستبەسەر کراون. ئەو رۆژنامە نووسیویە کە یەکێک لەو دوو ژنە لە زیندانی ئیڤین لە تاران دەستبەسەرە. هەر چەند ناسنامەی ئەو سێ گیراوە ئاشکرا نەبووە بەڵام دەگوترێت کەسانی رۆژنامەنووس و ئاکادمیسیەنن و بۆ سەفەر چوونەتە ئێران.

رژیمی ئێران هەڵوێستی وڵاتانی ئورووپایی و هەروەها ئامریکا بە جدی نازانێت و هەر لەبەر ئەوە خۆی لە مەترسیەکی ئەوتۆ نابینێت و لە سەرەڕۆیەکانی لە ناوچەکەدا بەردەوامە. پرسیاری سەرەکی ئەمەیە ئایا گەلانی ئێران لە ململانێ نێوان زلهێزەکانی دنیا و رژیمی ئێران، کەی خاوەندارەتی لە ئێرادەیەکی ئازاد بۆ بنیاتنانی داهاتووەکانی خۆیان دەکەن؟