ئاریەن

شاندی هەدەپە و کەجەدە لە گەڵ یەکیەتی و گۆڕان کۆبوونەوە

شاندی نێردراوی باکوری کوردستان لە شاری سلێمانی لە گەڵ مەکتەب سیاسی یەکیەتی و هەر وەها بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە.

شاندی هەدەپە و کەجەدە بەسەرۆکایەتیی سەزای تەمەللی هاوسەرۆکی هەدەپە و بەردان ئۆزتورک لەلایەن هەریەک لە لەتف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی، ڕزگار عەلی و حاکم قادر ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و بڵێسە جەبار فەرمان پەرلەمانتار و ئەندامی سەرکردایەتیی و چەند ئەندامێکی دیکەی ئەو حزبەوە پێشوازییان لێکرا.

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەکێتیی و بەردان ئۆزتورک کەجەدە، بەجیا کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا.

لەتیف شێخ عومەروتی: بەخۆشحاڵییەوە شاندێکی هەدەپە و کەجەدە هاتن و سەردانی مەکتەبی سیاسییان کرد، ئێمە لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ شاندەکەدا جەختمان لەوەکردەوە، کە ئێمە وەک حزبێکی سیاسیی پشتیوانیی خەباتی سیاسیی و مەدەنیی کوردانی باکوری کوردستان دەکەین، هەر لە کۆنیشەوە ئێمە لایەنگری هەوڵی ئاشتیانەین بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە باکوری کوردستان، لەو پێناوەدا جەنابی مام جەلالیش هەوڵی گەورەی داوە، ئێمەش لەسەر ئەو ڕێبازە پشتیوانی هەموو هەوڵێکی ئاشتیانەین بۆ چارەسەری ئەو پرسە.بەبێ چارەسەری کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەکە ئارامیی بەخۆیەوە نابینێت، بۆیە هەموومان لەگەڵ ئەوەین کە خەباتی مەدەنیی و دیموکراسیی و یەکسانیخوازیی گەلەکەمان بەردەوامبێت، بۆ بەرپابوونی ئاشتی و دەستگرتن بە چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکەمان.

هەروەها بەردان ئۆزتورک، هاوسەرۆکی کەجەدە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، وتی: ئێمە دەمانەوێت لە تورکیا بەرەی دیموکراسیی پێکبهێنین، لە ئاستی کوردستانیش یەکێتیی نەتەوەیی پێکبهێنین، ئەگەر ئێمە یەکێتیی نەتەوەییمان بەرامبەر هێرشەکان پیشان نەدەین، ئەوا ئەم کێشەیە تا سەدەکانی دیکە درێژەی دەبێت.پێشتر تەنها دوو بارەگای دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان هەبوو، بەڵام ئێستا زیادیکردووە بۆ ٣٦ بارەگا، ناوی داگیرکارییەکانیان کردە ‘ئۆپەراسیۆنی چنگ’، بەڵام ئەمە ڕاست نییە، لە هەرکوێیەک کورد خۆی ڕێکخستبێت، هەوڵیانداوە ئەو ستاتۆ و خۆڕێکخستنە تێکبدەن، دەیانەوێت ئەم ستاتۆیەش هەڵبوەشێننەوە، ئامانجی هاتنەکەی ئێمەش بۆ ئەوەیە کە ئەم بۆچوونانەمان لەگەڵ حزبەکاندا باسبکەین.

شاندی هەدەپە و کەجەدە سەردانی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانیان کرد و لەگەڵ شاندێکی بزووتنەوەکەدا بە سەرۆکایەتیی عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە.

شاندەکە لەلایەن عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان، جەلال جەوهەر، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان، جەمال حاجی محەمەد، سکرتێری جڤاتی نیشتمانی، گوڵستان سەعید، گۆران عومەر و بەڵێن عەبدوڵا، ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پێشوازییان لێکرا و دواتر کۆبوونەوەیەکیان بەڕێوەبرد.