ئاریەن

یادی شەهید شەریف باجوەر و هەڤاڵانی بەرز ڕاگیرا

چالاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی خاوەندارێتی کردن لە شەهیدانی ژینگەپارێز چەند چالاکیەکیان بەڕێوەبرد.

لە یەکەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی شەهید شەریف باجوەر و هەڤاڵانی دا، شاخەوانانی کوردستانی چالاکیەکیان ئەنجامداوە، گرووپی شاخەوانی ئەنجومەنی سەوز چیای مەریوان لە چالاکییەکدا بە سەر چیای میراجی سەرکەوتن. ئەو گروپە بە دروشمی “یادی هەڤاڵانی ژینگەپارێزمان دەگەینە لوتکەکان” ئەو چالاکییەیان بەڕێوەبرد.


هەر لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەک لە شاخەوانانی شاری مەریوان بۆ بیرهێنانەوەی شەهیدانی ژینگە بە سەر چیای قەلەبەرد سەرکەوتن.

هەروەها گروپێکی دوچەرخەسواری لە شاری بانە بەرەو مەریوان بەڕێکەوتن.

رۆژی ٣ی خەرمانانی ساڵی رابردوو دارستانەکان و سروشتی ناوچەی مەریوان ئاگری گرت. لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە چوار ژینگەپارێز بە ناوەکانی شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، رەحمەت حەکیمی نیا و موحەمەد پەژوهی بەشیوەیەکی گوماناوی گیانیان لە دەستدا.