ئاریەن

ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەرەو یەکگرتویى سیاسی دەڕوات

پارتی ژیانى ئازادی کوردستان پژاک و کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانیى حیزبی کۆمۆنیستى ئێران زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لە پێناو کاری هاوبەش ئەنجامداوە.

بەپێی ئاژانسی فورات نوێترین کۆبوونەوەى نێوان پەژاک و کۆمەڵە لە ئاستێکى باڵادا و بە سەرپەرشتیى سیامەند موعینی هاوسەرۆکى پەژاک و ئیبراهیم عەلیزادە سکرتێری گشتیى کۆمەڵە بەڕێوەچووە.

مەزڵوم حەفتەن بەرپرسی دیپلۆماسیى پەژاک و کۆدار کۆبونەوەکەی پەژاک و کۆمەڵەى بۆ ئاژانسى فورات پشتڕاستکردوتەوە و رایگەیاند، هەر دوو لایەن لە چوارچێوەى کاری هاوبەش بۆ رۆژهەڵاتى کوردستان و لە پێناو یەکێتیى نەتەوەیى و پاراستنى خەڵکى رۆژهەڵاتى کوردستان لە رووداو و پێشهاتەکانى ناچەکەدا تا ئێستا چەند کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە.

مەزلووم هەفتەن رایگەیاند: لە نوێترین کۆبوونەوەى نێوان ئەو لایەنانەدا جگە لە تاوتوێکردنى بارودۆخی ناوچەکە و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، جەخت لە کارکردنى بەردەوام بۆ کاری هاوبەش کراوەتەوە.

مەزلووم هەفتەن ئاماژەی بەوە کرد پێشتر پەژاک و کۆدار و کەژار پرۆژەیان بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و کاری هاوبەش و پتەو کردنی یەکێتیى نەتەوەیى و پێشخستنی دیپلۆماسی هاوبەش بۆ هەموو لایەنەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان خستووەتەڕوو و بەردەوامیش دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ هێنانەدیى ئەو ئامانجانە.

هاوکات حەسەن رەحمان پەنا ئەندامى کۆمیتەى ناوەندیى کۆمەڵە بە ماڵپەڕی شار پرێسی راگەیاند: له‌گه‌ڵ پژاک كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان بۆ لێكتێگه‌یشتن و كاری هاوبه‌ش ئه‌نجامداوه‌. كۆبوونه‌وه‌كه‌ش بۆ ڕێككه‌وتن و نزیكبوونه‌وه‌ بووه‌ چونکە چاوه‌ڕێی دەکرێت گۆڕانكاری له‌ ئێران رووبدات و ئه‌وانیش ده‌یانه‌وێت ڕۆڵیان له‌و گۆڕانكارییانەدا هەبێت.

حەسەن رەحمان پەنا راشیگەیاندووە گرنگترین خاڵ گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوو هه‌روه‌ها ئاینده‌ی سیاسی ئێران و ململانێكانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا.

ئەو بەرپرسەی کۆمەڵە رایگەیاند:‌ هیوادارین جه‌نگ ڕوونه‌دات، چونكه‌ له‌ یه‌مه‌ن و سوریا جه‌نگمان دیوه‌ کە چی به‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ هێناوه‌، به‌ڵام ڕژیمی داگیرکەری ئێران لە ژێر گوشاری ناڕه‌زایه‌تیی جه‌ماوه‌ریدایە و كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران لە ناخی خۆیەوە‌ بۆ ئاڵوگۆڕ ده‌گەڕێت.