ئاریەن

هەڵاوسانی ئابوری لە ئێران لە سەدا چل و دووی تێپەڕاند

هەڵاوسانی ئابووری لە ئێران رێژەی لە سەدا ٤٢ی تێپەڕاندووە و لەلایەکی تریش دەیان هەزار کرێکار چەند مانگە حەقدەستی کاریاریان وەرنەگرتووە.

ئامارە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ئاماری ئێران سەبارەت بە رەوشی هەڵاوسانی ئابووری لە مانگی رابردوو، نیشانی دەدات کە رێژەی هەڵاوسانی ئابووری لە چاو مانگی رابردوودا لە سەدا ١/٨ زیاتر بووە و گەیشتوتە لە سەدا ٤٢/٢. ڕێژەی هەڵاوسانی ئابووری نوقتە بە نوقتە کە هەڵاوسان لە نێوان هەر مانگ لە چاو هەمان مانگ لە ساڵی پێشووی هەڵدەسەنگێنێت بە گشتی لە سەدا ٤١/٦، واتای ئەم ژمارە ئەوەیە کە هەر بنەماڵەیەک لە ئێراندا لەمانگی موردادی ئەمساڵ لە سەدا ٤١/٦ زیاتر لە مانگی موردادی ساڵی رابردوو بۆ کڕینی شتومەک و خزمەتگوزاری هاوشێوە پارەی داوە.

هەر چەندە رژیمی ئێران هەوڵدەدات بە لادانی بەرپرسیارەتی لە سەر خۆی هەڵاوسانی ئابووری بخاتە ئەستۆی گەمارۆ ئابووریەکانی ئامریکا بەڵام شارەزایانی ئابووری گەندەڵی و سیستمی سیاسی و ئابووری رژیمی داگیرکەری ئێران بە هۆکاری سەرەکی داڕمانی ئابووری لەو وڵاتەدا دەزانن.

بە تەشەنەسەندنی هەڵاوسانی ئابووری کرێکاران و چینی کەمدەرامەت زیاترین زیانیان بەر دەکەوێت. بە قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری لە ئێران کۆمپانیا و کارگەکان لە بەر ئەوەی تووشی زەرەروزیان بوون، داخراون یا بەشێکیان چالاک نییە. بەشێکی بەرچاو لەو کارگە و کۆمپانیانە ناتوانن حەقدەستی کرێکارەکانیان بدەن.

ئاژانسەکانی هەواڵی سەربە رژیمی ئێران دوایین ئامارەكان لە دەستپێكی ئەمساڵەوە تا ١٥ی ئەم مانگە دەری دەخەن، هەزار و دووسەد و شەست و دوو كارگە بۆ بەردەوامیدان بە كارەكانیان تووشی گرفت بوون.

هەر لەو ماوەیەدا، هەزار وسەد و نەوەد و سێ كارگەش بەهۆی قەیرانی ئابوری و گرفتەكانیانەوە نەیانتوانیوە حەقدەستی زیاتر لە سەد و سی هەزار كرێكاریان بدەن.

بەپێی ئامارەكان كارگەكان لە هەر سی و یەک پارێزگای ئێران كێشەیان هەیە بۆ پێدانی حەقدەستی كرێكارەكانیان و زیاترین حەقدەستی دوا كەوتووی کرێکاران لە پارێزگای تارانە كە بە گشتی حەقدەستی ١٧ هەزار و ٢٧١ كرێكار دوا كەوتووە.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە پارێزگای ئورمیە؛ هەشت هەزار و ١١٣٤ كرێكار لە ٣٥ كارگە، پارێزگای ئیلام؛ سێ هەزار و ١٨٥ كرێكار لە ٥٠ كارگە، پارێزگای سنە؛ سێ هەزار و ٧٩٧ كرێكار لە٥٤ كارگە، پارێزگای كرماشان؛ دوو هەزار و ٧٥٥ كرێكار لە٢٧كارگە و كرێكاران حەقدەستی چەند مانگی رابردوویان وەر نەگرتووە.