ئاریەن

بەسێ ئەرزنجان: ئازادی کەسەکان وابەستەیە بە ئازادی کۆمەڵگاوە

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەکانی ژنانی کوردستان، کەژەکە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لە بەرنامەی ئولکەدەن لەکەناڵی مەدیا هەبەر، سەبارەت بە هەڵمەتی بۆ گۆڕانکاری و ئازادی تۆش ڕاپەڕە، ڕایدەگەیەنێت ئەو هەڵمەتە تەنها بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتی نیە بەڵکو لەهەمان کات دا دروستکردنی ئەڵتەرناتیڤیشە.

لە درێژەی ئەو چاوپێکەوتنەدا، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەژەکە، بەسێ ئەرزنجان ئاماژە بەوەدەکات، بەپێشەنگایەتی ژنان “هەڵمەتی بۆ گۆڕانکاری و ئازادی تۆش ڕاپەڕە” دەستیپێکردوە، لە بەرامبەر دۆخی تراژیدیا و ڕەشبینی مرۆڤایەتی بەهەزاران کەس تێدەکۆشن و بەرخۆدان دەکەن، پێویستە ئێمە بەتێکۆشان و خۆڕاگران ئەوانەی هیوایان بە ئازادی هەیە و پشتئەستور بەخۆمان بین، پێویستە ژیانێکی ئازاد و ژیانێک کە شەڕ، مردن، وێرانکاری، تێکدان وکۆمەڵکوژی تێدانیە بنیات بنێین.

بەسێ ئەرزنجان دەڵێ: بۆ بنیات نانی ئەو ژیانەش پێویستە تێکۆشان بەهێز بکەین، لە دژی سیستەمی کاپیتالیستی و فاشیزم بەرخۆدان بکەین، چونکە ئازادی تاکەکان گرێدراوی ئازادی کۆمەڵگایە. تاکە کەس لەلایەن سیستەمی مۆدێرنێتەی کاپیتالیستەوە پارچە پارچە کراوە ، بەڵام تاکەکەس هەبونێکی کۆمەڵایەتیە ، هەربۆیە کەمپینی ژنان و تێکۆشانی ئێمە پەیوەندی بەوانەوە هەیە و کەمپین یان هەڵمەتی ، بۆ گۆڕانکاری و ئازادی لە کوردستان تۆش ڕاپەڕە، زۆر گرنگە.

لە بەردەوامی ئەو چاوپێکەوتنەدا ، بەسێ ئەرزنجان، دەڵێت: ناوەندی سەرەکی سیاسەتی دیموکراتیک ژنە، تا کاتێک ژن لە سیاسەتی دیموکراتیک دا چالاک نەبن و بەشێوەیەکی کاریگەر و بە رێکخستنکراو بەشداری نەکەن سیاسەتی دیموکراتیک پەیڕەو ناکرێ و بە بێ ژن و بە بێ ئەوەی ئیرادە و بیروڕای ژن لەبەر چاو بگیردرێ دیموکراسیەت ڕەنگی و گەشەی نابێت.بەشداری ژن بەشێوازێکی ڕێکخستن کرا و بە سیاسەتی دیموکراتیک ئەنجامی دەبێت بۆیە عەقڵیەتی سیاسەتی دیموکراتیک زۆرتر بەژن دەخرێتە بواری کردارییەوە. ئەم هەڵمەتە لە چوارچێوەی چالاکی ناڕەزایەتی ، دژ بەریکردن و ڕەخنەکردن بەڕێوەناچێت، بەڵکو بونیات نانی گونجاو پێشدەخات. ئەم هەڵمەتە لە بوارەکانی دیموکراتیک کردنی تورکیە دا دەبێتە هەڵمەتێکی بەرفراوان و گرینگ.

لە کۆتای دا ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەکانی ژنانی کوردستان، کەژەکە، بەسێ ئەرزنجان، ڕایدەگەیەنێت، پێویستە ئەم هەڵمەتە بەشێوەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، چاندی و ڕۆشنبیری بچێتە پێش و هەموو چین و تێژەکانی کۆمەڵگا لە خۆ بگرێ.